نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری و سوپاسالاری توركیا كۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024/2/7 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە یاشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا و مەتین گوراك سوپالاری توركیا كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە باڵیۆزی توركیا لە عێراق ئامادەی بوو، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان، دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی كوردستان، دوایین پێشهاتەكانی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر و لێكەوتەكانی، تاوتوێ كران و بیروڕایان لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ كرد.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاریكاریی هاوبەشی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان، هەروەها هاوڕا بوون لەسەر پێویستی و هەوڵدانی هەمەلایەنە بۆ ڕێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكەوتەكانی.
داكۆكیكردنەوە لەسەر برەودان بە پەیوەندیی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش، دوایین پێشهاتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لە ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.