گەڕان بە دوای دادپەروەریدا

خوێندنەوە: شۆڕش غەفووری

مێژووی كورد هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، ڕەنگە تاقە گەلێك بین كە مێژووەكەی زۆرینەی زۆری نووشستنی و داگیركاری و كوشتن و بڕین و لەنێوچوون و گەلەكۆمەی دوژمنان بێت، هەر ئەمەشە وای كردووە كە خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی ڕەهەندی دووەمی ئەم زوڵم و زۆرە بێت كە تووشی گەلی كوردستانی بووە.

گێڕانەوە مێژووییەكان پێمان دەڵێن، ئەوەی ئێستا هەیە بەرهەمی هەوڵ و تێكۆشان و بنیاتنانی ڕابردووە و بێشك دەتوانین ددان بەوەدا بنێین كە لە هیچ سەردەمێكدا هێندەی ئیستا نە توانیومانە مێژووی خۆمان بنووسینەوە و نە هەوڵمان داوە كە تەعریف و پێناسەیەك بۆ كیانێك بكەین لە ڕووی زمان و ئەدەب و كلتوور و سیاسەت و تەنانەت سەربازیشەوە.
گێڕانەوە مێژووییەكان و یادەوەرییە كەسییەكان، وانەیەكی باشن بۆ نەوەیەك كە دەیهەوێت بزانێت ئێستای لەسەر چ ڕابردوویەك بنیات نراوە. ئاخۆ ئەو خاك و نەوەیەی كە ئێستا هەیە، شایەنی ئەو هەموو قوربانیدانە بوو؟!
(حاجی میرخان دۆڵەمەری) پێشمەرگەیەكی بەوەفا و موریدێكی موخلیسی ڕێگەی بارزانە كە لە لایەن (نەریمان تاڵیب)ـەوە یادەوەرییەكانی كراونەتە دوو بەرگی 700 لاپەڕەیی. لەم كتێبەدا باسی شۆرشی كوردستان لە ساڵی (1943 تا 1991)ی زایینی كراوە و ڕۆڵی شێخانی بارزان هەر لە شێخ عەبدولسەلامەوە بگرە تا شێخ ئەحمەد و مەستەفا بارزانی لەم شۆڕشانە و خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی باسی لێوە كراوە و پاشان حاجی میرخان دێت و باسی خۆی و منداڵییەكەی و بنەماڵەكەی و یەك بە یەكی خوشك و برا و دایك و باوك و خزمەكانی دەكات كە ڕۆڵیان چی بووە لە خەباتی كوردستان و پێشمەرگایەتی خۆی و پێوەبەسترانی ڕۆحی و سیاسی و ئایینی خۆی بە شێخانی بارزان دەگێڕێتەوە.
ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە هەڵێنجراوێكی كورتە لە بیرەوەریی پێشمەرگەیەكی شۆڕشە دیارەكانی كوردستان، پێشمەرگەیەك كە خاكەڕایانە و دوور لە هەر جۆرە ڕتووش و دەمامكێك پەنجە دەخاتە سەر ئەو جۆش و خرۆشییەی كە لە ڕۆحیدا هەبووە بۆ ڕزگاری نەتەوەكەی.

بنەمای شۆڕشەكانی بارزان:
بە پێی گێڕانەوەی حاجی میرخان دۆڵەمەری (لاپەڕە 33)، شۆرشی شێخانی بارزان و بەتایبەت شێخ ئەحمەدی بارزان، هەمیشە دوو ڕەهەندی بووە، واتە لە ڕوویەكەوە “شۆڕشەكە سیاسی بووە بۆ ئازادی نەتەوەی كورد و پارێزگاریكردن لە خاكەكەی لە دەست هێرش وداگیركاریی دوژمنانی كورد” و هەروەها ڕەهەندێكی گرنگی دیكەیشی هەبووە كە ئەویش “ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و ئابووری بووە بۆ ڕزگاربوونی خەڵكی كوردستان لە دەست نەریتە خراپ و دواكەوتووەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی و ڕزگاركردنی خەڵكەكەی لە زوڵم و زۆری سیستەمی ئاغا و دەرەبەگایەتی و ڕزگاركردنی عەقڵی مرۆڤەکان لە خورافات و عادات و نەریتی پڕووپووچ”.
هەروەها باسی خەباتی شێخ عەبدولسەلامی بارزان دەكات كە “لەگەڵ خەباتكردن بۆ ئازادی و ڕزگاری، داوای كردووە لە قوتابخانەكاندا خوێندن بە زمانی كوردی بێت و لە بەڕێوەبەرایەتییەكاندا قەرمانبەری كورد دابمەزرێت و ئەو باجەی لە كوردستان كۆ دەكرێتەوە لە خزمەتی پێشخستن و پەرەپێدانی ناوچەكەدا بەكار بهێنرێتەوە” و لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین چاكسازییەكانی شێخ عەبدولسەلامی بارزان باس دەكات كە “تێكدانی سیستەمی ئاغایەتیی و دابەشكردنی زەوی بەسەر جوتیاران و نەهێشتنی بە شوودانی زۆرەملێ بووە.. و لێهاتوو و لێزانێك بووە بۆ كاروباری ئایینی و دونیا و بنیاتنەری پەیوەندییەكی فراوانی كوردستانی بووە بەتایبەت لە نێو كۆمەڵە سیاسییەكانی ئەودەم وەك (كۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی كورد، كۆمەڵەی هێڤی و كۆمەڵەی سەربەخۆی كورد).
حاجی میرخان، لە لاپەڕە (60) ڕاشكاوانە باسی ئێستای ڕێبازی بارزانی دەكات كە بنەماكەی “دەرەنجامی كاری عەقڵ و جەستەی سەدان ساڵەی ڕێبەرانی ئایینی و سیاسیی بارزانییەكانە كە شێخ ئەحمەد لە دامەزراندنیدا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە و دواتر هەریەك لە شێخ عەبدولسەلامی بارزان و مەستەفا بارزانی و ئێستاش سەرۆك مەسعود بارزانی، لە دەوڵەمەندكردن و پەیڕەوكردن و هاودەنگكردنی لەگەڵ پێشكەوتن و پێشهاتەكانی ئەم سەردەمە، ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە”.
زۆر جاران ڕەخنە لە خەڵك دەگیردرێت كە بۆچی بە دوای ڕێبازی بارزان كەوتوون، بەڵام حاجی میرخانی پێشمەرگە ئەمە بە زمانێكی سادە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: “من بۆچی بەقوربانی ئەو ڕێبازە نەبم كە فێری كردووم تەنیا لە خوا بترسم و لە كەسی تر نەترسم. با (سلێمان)ـی براشم بۆ كوردستان شەهید بووبێت، من ناچم منەت لەسەر ماڵی بارزان یا كوردستان بكەم.. خانەقینییەك و شنگالییەك و سلێمانییەك دەكرێت لە من بارزانی تر بێت، چونكە ئەوانیش ڕەوشی ژیانی ژێردەستیی زۆرداران و بەرەنگاربوونەوەی زۆردارییان زۆر چەشتووە و بینیوە، واتە پێوەرەكە دەبێت ئەوە بێت ك چەندە دڵسۆز بیت بۆ كوردایەتیی و مافەكانی گەلی كوردستان. پێوەرەكە ئەوەیە كە تۆ تا چەند دڵسۆزیت، تا چەند ڕاستیت، تا چەند زوڵم قبوڵ ناكەیت و تا چەند ئامادەیت لە پێناوی میللەت و خاكەكەتدا گیانفیدایی بكەیت (لاپەڕە 64 و 65).

وردە ستۆری:
لە كتێبی (گەڕان بە دوای دادپەروەریدا)ی حاجی میرخان دۆڵەمەری، ڕەنگە دەیان ستۆری و وێنای تێدایە كە دەشێت هەر یەكەیان بۆ خۆی كتێبێك و فیلمێك و پۆستەرێك بن لە ئازایەتی و گیانفیدایی و خەباتی گەلی كوردستان. بۆ نمونە (سیمی دیانا) یەكێك لەو بابەتانەیە كە هاوشێوەی ئاوشوتیسی جوولەكەكان، شایەنی دروستكردنی چەندین فیلم و نووسینی دەیان ڕۆمانە، بەوەی كە “دەسەڵاتدارانی عێراق ناوچەیەكیان لە نێوان دیانا و دێلزیان بە شیم گرتبوو، هەموو ئەو حێزانە بارزانییانەی لەوێدا زیندانی كردبوو كە لەگەڵ شێخ ئەحمەد گەڕابوونەوە. چوار دەوری ئۆدرووگاكەیان بە سیم و پۆلیس دەورە دابوو، هەر بۆیە ئەو شوێنە بە سیمی دیانا ناو نراوە (لاپەڕە 142)”. ئەم چیرۆكە كاتێك ڕەوتێكی سینەمایی پەیدا دەكات كە چیرۆكەكە لە زاری حاجی میرخانەوە دەبیستین بەوەی حكوومەت پێشمەرگەكانی بارزان زیندانی دەكات و ژن و منداڵە بێ سەرپەرشتەكانیان لە نێو سیمی دیانا كۆ دەكاتەوە و بە پێی گوند و حەوت عەشیرەتەكەی بارزان لە نێو كەمپەكە لێكیان جیا دەكاتەوە بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنیان تا كەسیان لێ ون نەبێت.
هەروەها چیرۆكی (برایم)ـی ئامۆزای حاجی میرخان خۆی ستۆرییەكی تایبەتە بەوەی كە باوك و دایك و براكانی لەدەست دەدات و شەهید دەبن، ئەمیش تووشی كێشەی دەروونی دەبێت، بەڵام هەرگیز واز لە خەبات ناهێنێت و تەنانەت لەگەڵ بارزانی نەمر ڕوودەکاتە مەهاباد و سۆڤیەت و وەك پێشمەرگەیەكی بەوەفا دەمێنێتەوە. حاجی میرخان دیمەنێك لەو ئامۆزایەی دەگێڕێتەوە لە شەڕی زنگلان و بالاندزێی لای تەرگەوەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان كاتێك كە بارزانی نەمر ناچار دەبێت مەهاباد جێ بهێڵێت، بەڵام لە لایەن جاشەكانەوە دەورە دەدرێت بۆ ئەوەی بارزانییەكان كۆمەڵكوژ بكرێم، بەڵام شەڕێكی گەورە دەكەن و “برایمی ئامۆزام و حالی دۆڵەمەری بە برینداری حەسۆی برام و پێشەرگەیەكی دیكە ڕزگار دەكەن. برایمی ئامۆزام كە وەك وتم تووشی حاڵەتێكی دەروونی ببوو، بەڵام بەرەی شەڕی بەجێ نەهێشت و بەرگری لە (حالی) كردبوو تا ڕزگاری كردبوون (لاپەڕە 129).
یا (گوڵێ خانم) ئەو ژنە بارزانییەی كە لە گوڵ و گیاكانی كوردستان شارەزا بووە و بەكاری هێناون بۆ ئازار و برین و جاجی میرخان لە چەندین شوێنی كتێبەكەیدا باسی ئەم ژنە بەویقار و زیرەكە دەكات و لە برینداربوونی حەسۆی برایدا لێی دەگێڕێتەوە كە “ئەو خانمە هێندە دڵسۆز و پەرۆشی تەندرووستی كاك حەسۆ بوو، جارێكی لێی تووڕە بوو چونكە ئەو پێی وتبوو نابێت شتی تیژ یا سوێر بخوات تا برینەكەی تەشەنە نەكات، بەڵام حەسۆ هەندرێشەی شاخی دەخوات كە گیایەكی تیژە و ئەمەش گوڵێ خانم تووڕە دەكات (لاپەڕە 135).
یا (عەشقییەكان) هەر خۆیان بە تەنیا مێژوو و ڕۆمان و كەرەستەیەكی ئەدەبی گەورەن كە حاجی میرخان لە چەندین شوێنی كتێبەكەیدا باسیان لێوە دەكات و دەڵێت: “عەشقی بەو كەسانە دەگوترا كە گوایا بە قسەی دەسەڵاتداران ئەوان لە حكوومەت یاخی ببوون، بەڵام لە ناو میللەتی كوردستاندا، ئەوان نموونە و هێما بوون بۆ بەرگری و شۆڕش.. ئەوان خۆڕاگر و خاوەن باوەڕ بوون و منەتیان بە خواردن نەبوو و ڕۆژێك ئەگەر كەشكیان بخواردبایە بەس بوو، زیاتر لە ئەشكەوتەكانی چیای برادۆست بوون، لە لای گەلی كویسكێ لای خەردن.. ژن و منداڵ و ئافرەتیشیان لەگەڵدا بوو وەك پێشمەرگەی بارزان بەو شاخ و ئەشكەوتانەوە بوون (لاپەڕە 98 و 99).

ھەواڵی زیاتر