25 هەزار خێزانی ئاوارەی عێراقی لە هەرێمی کوردستانن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماری گشتیی ئاوارەکانی عێراقی ڕاگەیاند کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. وەزارەتەکە پلانێکی خستووەتە ڕوو بۆ ئەوەی تا مانگی تەمووزی ئەمساڵ سەرجەمیان بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێندرێنەوە.

عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئاماژەی داوە کە بە پێی ئامارە سەرەتاییەکانیان ژمارەی ئاوارەکانی عێراق بە بیست و پێنج هەزار خێزان دەخەمڵێنرێت کە سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ئەو ڕوونی کردەوە کە زۆربەی ئەو ئاوارانە هی پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و چەند پارێزگایەکی تری عێراقن. یەکێک لە پلانە سەرەکییەکانی وەزارەتەکە ئەوەیە کۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق بهێنێت و سەرجەمیان بگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش دەخوازێت ڕێکارێکی نوێ بگرێتە بەر.
گوتەبێژی وەزارەتەکە پێی وایە گواستنەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەکیی خۆیان پێویستی بە پلانێکی تۆکمە و ڕێگەچارەیەکی گونجاو هەیە.
ڕاگەیاندنی دواین ئاماری ئەو ئاوارانە دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی تەواوی ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن خۆیان سەرپشک بکرێن لەوەی بۆ شوێنی پێشووی نیشتەجێبوونیان بۆ گەرانەوە هەڵدەبژێرن یان شوێنێکی تر دەستنیشان دەکەن.
حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە هەر خێزانێکی ئاوارە لە کاتی ڕازیبوون بە گەڕانەوە، چوار ملیۆن دیناری پێ بدرێت و لەگەڵ ئەمەدا کۆمەڵێک پاڵپشتیی تریان لێ بکات. بۆ نموونە ئەوانەی بە گەڕانەوەیان پیشە یان کارەکەیان لە دەست دەدەن، ئەوا ئەرکی حکوومەتە کارێکیان بۆ دابین بکات و خانووی هەرزانیان بۆ بنیات بنێت تا بتوانن لێی سوودمەند بن و هەر زیانێکیش کە بە خانووەکانی پێشوویان کەوتووە، قەرەبوویان بکاتەوە.
حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە لەڕووی تەناهی و ئەمنییەوە ڕێکاری پێویست لە ماوەی مانگێکدا وەرگیرێت و ئاوارەکانیش سەرپشک بکرێن و هیچ کەسێک بە زۆر نەگەڕێندرێتەوە ناوچەکەی خۆی. پێویستە کۆی ئەو پڕۆسەیە تا مانگی تەمووزی ئەمساڵ کۆتایی پێ بهێنرێت.
پێویستە بگوترێ هاتنی شەپۆلی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش سەری هەڵدا و لە ساڵی ٢٠١٤ بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای نەینەوا ڕوویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد. ئەو شەپۆلی ئاوارەبوونە دواتر پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنباریشی گرتەوە و بەهۆی ئەوەی کە ئەمترین شوێنی عێراق هەرێمی کوردستان بووە هەموویان لێی گیرساونەتەوە. جگە لە ئارامییەکەی، هەرێمی کوردستان مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوە و ئاینزاکان بووە و ئەو ستەمەی لە پارێزگاکانی تری عێراق لە پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکان کراوە لە کوردستان نەبینراوە.
ئاوارەکان سەرەڕای ئەوەی کە لە ئاوارەییدا دەژین، بەڵام دڵیان لە کوردستان بەرنابێت و بە کەشە پڕ لە ئارام و ئاسایشەکەی ڕاهاتوون . حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە خۆی لە قەیرانی داراییدا بوو بە دڵێکی کراوە پێشوازی لە ئاوارەکان کرد و جگە لە بنیاتنانی دەیان کەمپ بەشێکیشیان هەر لە نێو شارەکان گیرسانەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی وەک خوێندن و کارەبا و خۆراکیان بۆ دابین کراوە.
یەکێک لە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەی لە ساڵانی ڕابردوودا وایکردووە ئاوارەکان مەیلی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان نەبێت ئەوەیە ناوچەکانیان لە ڕووی ئەمنییەوە پارێزراو نەبووە و ئەو خزمەتگوزارییانەش کە لێرە بۆیان دابین کراوە لە شوێنی سەرەکیی خۆیان لێی بێبەش بوون.
پشکی شێری ئاوارەکان بە ئێزدییەکان و کریستیانەکان کەوتووە و هەرچەندە بەشێکیان گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا ئەوانەی ماون لە گەڕانەوە نیگەرانن و دەڵێن ترسیان هەیە کارەسات و ڕووداوەکانی ڕابردوو بەسەریاندا دووبارە ببێتەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی وایکردووە ئاوارەکان نەگەڕێنەوە، ئەوە بووە بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە لە ژێر ڕکێفی گرووپەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکاندان، ئاسایش و ئارامییان بۆ نەگەڕاوەتەوە و نێوە نێوە هێرشی تیرۆریستییان تێدا ئەنجام دەدرێت.