لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی گەشتیاری دروست دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتییان و گەشتیاران لە سروشتێکی جوان و بەفراویدا کاتەکانیان بەسەردەبەن، سروشتە دڵڕفێنەکەی ھەرێمی کوردستان وایکردووە، گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و ھەتا لە وڵاتانی دیکەوە سەردانی بکەن. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: بارینی بەفر کاریگەری باشی ھەبووە لەسەر زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران، ڕۆژانە زیاتر لە حەوت ھەزار گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە دەکەن. دەشڵێ: ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی گەشتیاری دروست دەکرێن، ئەوەش ھاندەرێک دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا گەشتیاران زیاتر ڕوو لە ناوچەکە بکەن.

شەپۆڵێکی بەفر بارین ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە ھەندێک شوێن بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە، لە حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر بەفرێکی زۆر باریوە، ئەوەش لە ھەندێک شوێنی ئەو ناوچانە گرفتی بۆ ھاتووچۆ دروست کردووە و شۆفێران وەکو پێویست ناتوانن ھاتووچۆ بکەن، لە سنووری دھۆکیش بەتایبەتی لە شارۆچکەی ئامێدی نزیکەی یەک مەتر بەفر باریوە، ئەوەش ئاستەنگی بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتییان دروست کردووە، لە سنووری ئاکرێ، بەتایبەتی لە ڕێگەی پیرس کە ئاکرێ بە دەڤەری بارزان دەبەستێتەوە زیاتر لە سی و پێنج سم بەفر باریوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش داوا لە شۆفێران و ھاووڵاتییان دەکەن ئەگەر بۆ کارێکی پێویست نەبێت ئەو ڕێگاوبانانە بەکارنەھێنن، بۆ ئەوەی تووشی زیانی گیانی و ماددی نەبنەوە، تیمەکانی بەفر ڕاماڵینیش لە تەواوی شار و شارۆچکەکان خەریکی خاوێن کردنەوەی ڕێگە گشتییەکانن، بۆ ئەوەی گرفتی ھاتووچۆ دروست نەبێت و ھاووڵاتییان بتوانن بە ئاسانی ھاتووچۆ بکەن.
بەفر خۆشی بە گەشتیاران بەخشیوە و لە وەرزی زستاندا گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، کە ئەو ناوچانە ھۆکار بوونە بۆ زیادبوونی گەشتیاری زستانە و وای کردووە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ھەروەھا ھاندەرێک بووە بۆ برەودان بە کەرتی گەشتیاری.
کوردستان زۆر لە بنەماکانی گەشتیاری تێدایە و ھەر چوار وەرز خاوەن دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە، ئەوەش وای کردووە ببێتە جێگەی تێڕوانیی گەشتیاران، دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری وا دەکات کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن، چەند ساڵێکە کەرتی گەشتیاری لە وەرزی زستاندا لە ھەرێمی کوردستان گەشەی کردووە، کە پێشتر تەنھا لە وەرزی ھاوین گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان دەکرد، بەڵام ئێستە لەگەڵ بارینی بەفر گەشتیاران ڕوو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.
لەگەڵ بارینی بەفر ڕۆژانە بە سەدان گەشتیاری زستانەی شار و شارۆچکەکان و ناوچەکانی دەوروبەری ھەرێمی کوردستان و گەشتیارانی عەرەب و بیانی ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن و ڕۆژبۆڕۆژیش ڕێژەکە ڕوو لە زیادبوونە، ھاتنی وەرزی زستان گەشتیارانی خوارووی عێراقی ناچار کردووە سەردانی سۆران و چیای کۆڕەک بکەن بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش.
لەڕێگەی تەلەفریکەوە گەشتیاران دەگوازرێنەوە سەرچیا و نێو بەفر، بە یارییەکانیان کەشە ساردەکەی سەر چیا گەرم دەکەنەوە، سنووری ئیدارەی سۆران ٣٠% ناوچەی گەشتیارییەکانی ھەموو عێراق و ٨٠% ی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەولێر پێکدێنێت، ئەوەش وای کردووە کە حکوومەت و کەرتی تایبەت زیاتر گرنگی بە گەشتوگوزاری ناوچەکە بدەن، لە وەرزی زستان زیاتر لە سەد ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت لەم وەرزەدا ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران ڕوو لە ناوچەکە بکەن.
کەیھان مەھدی، گەشتیارێکی ئێرانە، دەڵێت: لەڕێگەی گرووپاتی گەشتیارییەوە ھاتووینەتە ھەرێمی کوردستان، ھاتووینەتە کۆڕەک کە شوێنێکی زۆر خۆشە، بەتایبەتی کاتێک کە بە تەلەفریک سەردەکەوی و دەچیە ناو بەفر ئەوەش خۆشیەکانمانی زیاتر کردووە.
مستەفا کەریم، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، گوتی: کەشوھەوای کوردستان زۆر خۆشە، لە ھەر چوار وەرزی ساڵ سەردانی کوردستانم کردووە، وەرز بۆ وەرز خۆشتر دەبێت، ئێستە کە بەفر باریوە، ڕوومان لە ناوچەکە کردووە، ھیوادارین کوردستان ھەر وا خۆش و ئاوەدان بێت.
زەینەب عەلاوی، گەشتیارێکی دیکەیە، ئاشکرای کرد: لە خوارووی عێراقەوە ھاتووین، ڕەوشی عێراق زۆر خراپە و ڕۆژبەڕۆژیش خراپتر دەبێت، ھاتووین بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەر ببەین، لێرە کاتەکانمان بە یاری تۆپەڵە بەفر، وێنەگرتن و ھەڵپەڕکێ بەڕێ دەکەین.
ساڵانە لە ئیدارەی سۆران فیستیڤاڵی خلیسکانی سەر بەفر دەکرێت، بەرپرسانی گەشتوگوزاریش، دەڵێن، بۆ وەرزی گەشتیاری زستانە، ھەندێک چالاکی گەشتیاری دەکەین، بۆ ئەوەی زیاتر گەشتیار ڕابکێشین، بارینی بەفر بەخۆی ھۆکارێکە بۆ ئەوەی گەشتیاران زیاتر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکان بکەن. فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: بارینی بەفر کاریگەری زۆری ھەبووە لەسەر ھاتنی ڕێژەی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران، لە سنوورەکە شوێنی گەشتیاری زۆر خۆش ھەن، گەشتیاران بە شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە سەرسامن و کاتێکی خۆش تێدا بەسەر دەبەن، بارینی بەفر کاریگەری باشی ھەبووە لەسەر زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران، ڕۆژانە زیاتر لە حەوت ھەزار گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری سۆران دەکەن، بەتایبەتی لە ڕۆژانی پشوو ڕێژەکە زۆر زیاتر دەبێت، ڕێژەی گەشتیارانیش ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر بەرزبووەتەوە ئەوەش بەھۆی ئاسانکاری لە بازگەکانە کە کارئاسانیەکی زۆر لەلایەن بازگەکانەوە بۆ گەشتیاران دەکرێت، ھەروەھا ھەبوونی ئەو ھەموو کۆمپانیا گەشتیارییە کە بەردەوام گەشتیار دەھێنن بۆ ھەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشتیاری لە پلان دانراون و داومانەتە سەرووی خۆمان کە ئەو پڕۆژانە پڕۆژەی جیا جیان ئەوەش وا دەکات کەرتی گەشتیاری زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، لەگەڵ خزمەتگوزاری ناوچە گەشتیارییەکان، بۆیە چاوەڕوانین ڕەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژانە بدرێت، ھەروەھا لە ڕێگەی کەرتی تایبەت چەند پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری ھەن، ئەوانەش دەتوانن تەکانێکی باشتر بە بواری گەشتیاری بدەن و، کاریگەی لەسەر زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران ھەبێت.