سلێمان تاشان – ههولێر
دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و ئەو سکاڵایانەی دژی یاساکە تۆمار کراون جارێکی تر دوا خرا و وا پێ دەچێت دادگای باڵای فیدراڵی هەر بە پاساوی یاسایی دەستی بە گەمەیەکی سیاسی لە دژی هەرێمی کوردستان کردبێت.
دوێنێ یەکشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە نۆیەم کۆبوونەوەیدا سەبارەت بەو سکاڵایانەی کە لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوون، بە هیچ دەرەنجامێک نەگەیشت و جارێکی دیکە دانیشتنەکەی بۆ ١١ی ئەم مانگە دواخست.
یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی دیموکراسی و ئەو هەنگاوانەی کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی متمانەی جەماوەریی بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و چالاککردنی دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری و حکوومەت ئەوەیە کە هەر چی زووە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، بەڵام دەستپێکی ئەو هەنگاوە کەوتووەتە دەستی دادگای باڵای فیدراڵی، دادگایەک کە هێمای پرسیاری لەسەرە و چۆن دەکرێ بڕیارێک لە ڕاستای بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بدات لە کاتێکدا زۆربەی بڕیارەکانی پێشتری لێدان لەو پێگەیە بووە.
لە ساڵانی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق یەکێک لەو دامەزراوانە بووە کە بۆنی لایەنگیری لێدێت و بەشێکی زۆر لەو بڕیارانەی دژی هەرێمی کوردستان دەرکراون دادگاکەی لە پشت بووە و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پێشتریش تێبینییان لەسەر سەربەخۆیی دادگاکە هەبووە و لە هەندێک بڕیاردا تەنانەت هەڵوێستیشیان لە دژی دادگاکە دەربڕیوە.
بەپێی دەستوور هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدرالییە کە خاوەنی پەرلەمان و یاسای تایبەت بەخۆیەتی و لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەی کە تەمەنی هەندێکیان زۆر لە تەمەنی عێراقی فیدراڵی و تەنانەت دەستوورەکەی زیاترە هەڵبژاردن دەکات و دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک پەرلەمان و حکوومەتی هەڵبژێرێت. ناکۆکی ناوخۆیی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی دوو هێزی سەرەکیی یەکێتی و پارتی هۆکار بووە لەوەی نەتوانرێت لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێ و دواجار دواخستنەکە وایکرد دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕێی ئەو سکاڵایانەی لە دژیدا تۆمار کراوە کاریگەری بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و بە یاسا کۆمەڵێک بڕیار دژی دامەزراوەکانی دەربکات و ڕەتیان بکاتەوە.
پێشتر تەنیا ناکۆکیی ناوخۆیی بوو کە وایکردبوو هەڵبژاردن نەکرێت، ئێستا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بووەتە بەربەستی سەرەکیی بەردەم هەڵبژاردن و تا ئەو کاتەی دادگاکە سکاڵاکان یەکلایی نەکاتەوە و بڕیاری کۆتایی دەرنەکات ئەوا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نییە.
ساڵی ڕابردوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەهۆی تەواوبوونی ماوە یاساییەکەی پەک خرا و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بە یاسا ماوەی تەمەنی درێژ کراوەتەوە. دەبێت سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکات پێش مانگی تەمووز بێت، چونکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای ئەو کاتە تەمەنی بەسەر دەچێت. ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا، تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ شەش مانگی دیکە درێژ بکاتەوە تا بتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
ئەگەر ئەو کۆمسیۆنەش تەمەنەکەی بەسەر بچێت ئەوا تەنانەت ئەگەر دادگای باڵای فیدراڵیش سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە ئەم جارە بیانوویەکی تر بۆ بەڕێوەنەبردنی هەڵبژاردن دێتە کایەوە و لەوانەیە کۆمسیۆن بڵێت بەهۆی کەمیی تەمەنی یاسایی ناتوانێت هەڵبژاردن بەرێوە ببات و مەرجی ئەو دابنێت جارێکی تر تەمەنەکەی لە پەرلەمانی عێراق درێژ بکرێتەوە.
پەرلەمانی عێراقیش بە گشتی زۆربەی یاساکانی لە دژی هەرێمی کوردستان بووە و تێپەڕاندنی یاسایەک کە بەهۆیەوە سەقامگیری یاسایی بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە کەمێک قورس دەبێت.
جێی باسە پێشتر لە ئاستی چاودێر و کەسایەتی سیاسی و تەنانەت سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق هۆشداری ئەوە درابوو ئەگەر دانیشتنەکانی دادگا زیاتر دوابخرێن ئەوا گومانی سیاسسیان لێ دەکرێت،