بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان سەرەتا دەبێت دۆخی شارەکانیان ئاسایی بکرێتەوە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لە دوای کێشە و قەیرانەکانی سووریا و سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە عێراق و سووریادا، هەرێمی کوردستان بووە پەناگەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەر. بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ڕێژەی ئاوارەكان بەگشتی لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی شەش سەد و سی و یەک هەزار و ڕێژەی پەنابەرانیش زیاتر لە دووسەد و پەنجا و یەک هەزار كەس بووە، ئەمەش دەریدەخات كە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا دەژین.

بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام بۆ گەڕانەوە پێویستە کێشەکان لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێن و دۆخی ئەمنی ئاسایی بکرێتەوە و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە، ئەگەر نا ئەستەمە ئاوارەکان بگەڕێنەوە.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: تا ئێستا ھیچمان بەفەرمی بەدەست نەگەیشتووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و پێمان وایە پێویستە یەکەم جار کێشەکان لە ڕیشەوە چارەسەربکرێن و دۆخی ئەمنی چارەسەر بکرێت و خزمەتگوزاری فەراھەم بکرێت و خەڵک ئارەزومەندانە بگەڕێتەوە، بەتایبەت ئاوارەکانی شنگال، تاوەکو ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکرێت ئاوارەکان زەحمەتە بەو شێوەیە بگەڕێنەوە چونکە کۆمەڵێک ھێزی جۆراوجۆری چەکداری لێیە کە بەشێکیان لە دەرەوەی عێراق ھاتوون، بۆیە پێویستە دۆخی شار ئاسایی بکرێتەوە و خەڵکیش وای لێ بکرێتەوە خۆی داوای گەڕانەوە بکات، پێویستە پڕۆسەکە بەشێوەیەکی شکۆمەندانە و ئارەزومەندانە بێ نەک فشار خستنە سەر، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق وردتر بیری لێ بکاتەوە و پلان بۆ گەڕانەوەیان دابنرێت، بۆیە ئەگەر کەشێکی لەبار بۆ ئاوارەکان نەڕەخسێت ئەستەمە ئاوارەکان بگەرێنەوە.
عەلی سەعید گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پاڵپشتی لە ئاوارەکان دەکات و ھیچ بەرژوەندی لە ھەبوونی ئاوارەدا نییە، سەرەتای ھاتنی ئاوارەکان ژمارەیان نزیکەی دوو ملیۆن بوو ئێستا ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ماوە، ئێمە ھەمیشە ھاوکار بووین بۆ ئەوەی ئاوارەکان ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە، بۆیە پێویستە گەڕانەوەکە بەشێوەیەک بێت لەسەر بنەمای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ بێت، ناکرێت بەزۆر ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە، پێویستە گەڕانەوەی ئاوارەکان ئارەزوومەندانە بێت.
دەشڵێت: هەر ئاوارەیەک رۆژانە پێویستی بە ٢.٧ دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانەی کە پێویستی پێیەتی لە حاڵەتی ئاساییدا نەک لە قۆناغی ئێمرجنسیدا، لە ساڵێکدا پێویستمان بە ٩٠٢ ملیۆن دۆلار هەبووە بە شێوەیەکی گشتی بۆ دابینکردنی ئەم خزمەتگوازارییانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەو ژمارەیە لە ئەستۆ بگرێت، پێوستی زیاتر بە هەماهەنگی و وەڵامدانەوه ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراق هەیە کە هاوشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێنە ژێر ئەو بارە. لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە شنگال ٣٠٠ خێزان دووبارە ئاوارەی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوونە، لە ئەنجامدا ئەمەش پێمان دەڵیت ئەو ناوچانە هێشتا سەقامگیر نییە، هێشتا میلیشیاکان هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەکە و هەمیشە گریمانەی هاتنی ئاوارەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.
لە ھەرێمی کوردستان کۆی گشتی ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراو دوو سەد و شەست و نۆ ھەزار و دووسەد و نەوەد و سێ کەسە و کۆی گشتی ژمارەی ئاوارە تۆمارکراوەکان لە ھەرێمی کوردستان شەش سەد و سی و یەک ھەزار و سەد و حەفتا و چوار ئاوارەیە و کۆی گشتی پەنابەرانی سووری دووسەد و پەنجا و یەک ھەزار و چوارسەد و حەفتا و پێنج کەسە.