پارتی لە نەینەوا و کەرکووک دەست بە دانوستاندن دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی لە نەینەوا و کەرکووک دەست بە دانوستاندن دەکات، پارتی لە نەینەوا چوار کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەیە، لە کەرکووکیش دوو کورسی ھەیە، کورسییەکانی پارتی پرسی گەورەترین ھاوپەیمانیەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و کەرکووک یەکلا دەکاتەوە. بەرپرسانی پارتی، دەڵێن: جەخت لەسەر بەدەستھێنانی پۆستێکی سیادی دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵکی ئەو پارێزگانە بکەین بەپێی ئەو بەرنامەی کە لە کاتی ھەڵبژاردن ڕامانگەیاندبوو، چونکە زۆرترین زیان بەر ناوچە کوردستانییەکان کەوتووە.

لە ١٥ی مانگی ڕابردوو دادگەی فیدراڵی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەند کرد و بەپێی یاسا دوای پەسەندکردنی دەبێت لە ماوەی پازدە ڕۆژدا ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆببنەوە و پارێزگار، جێگر و سەرۆکی ئەنجوومەن دیاری بکرێن، دوێنێ ئەنجوومەن یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد، بەڵام ھیچ لەو پۆستانە یەکلا نەکرانەوە.
پارتی و یەکێتی چاوەڕوانن لە گفتوگۆیەکانیاندا پێکھێنانی ئیدارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و نەینەوا وەکو یەک پاکێج چاو لێ بکەن. شەش حیزب و قەوارەی سیاسی سووننە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە کۆکردنەوەی سێزدە کورسی توانیویانە گەورەترین ھاوپەیمانیەتی لەژێر ناوی ھاوپەیمانی نەینەوای یەکگرتوو پێکبھێنن و کۆدەنگییەکە ئەوەیە کە پارێزگاری ئێستە عەبدولقادر دەخیل لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
بەرپرسانی پارتی، دەڵێن: دانوستانەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێ گەرموگوڕتر دەبن و جەخت لەسەر بەدەستھێنانی پۆستێکی سیادی دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەو ڕێگەیەوە زیاتر خزمەتی خەڵکی پارێزگاکە بکەین بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە لە کاتی ھەڵبژاردن ڕامانگەیاندبوو، چونکە زۆرترین زیان بەر ناوچە کوردستانییەکان کەوتووە. ئێریڤان مەھدی حاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: وەکو ئەندامانی سەرکەوتوو لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سوێندی یاساییمان خوارد، پێویستە دوای پەسەندکردنی ناوەکان بە فەرمیی لە ماوەی پازدە ڕۆژدا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا یەکەم کۆبوونەوە بکات، دوێنێ ئەنجوومەن یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد، بەڵام ڕێککەوتن نەکرا بوو، بۆ ئەوەی پۆستە سەرەکییەکان یەکلا بکرێنەوە.
ئێریڤان مەھدی حاجی، گوتیشی: ھیچ لایەنێک ناتوانێت بەتەنیا پارێزگار دیاری بکات و پێویستی بە ڕێککەوتنی کوتلەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایە، پارتی دەست بە دانوستان دەکات بۆ ئەوەی ھاوپەیمانی دروست بکات بۆ دیاریکردنی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێی نەینەوا.
ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان، دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵدەدات پۆستە گرنگەکان بەدەست بێنێت، چونکە کورد بەشێکی گرنگی پێکھاتەکانی مووسڵە، بۆیە لە کاتی دانوستان پێویستە وەکو پێکھاتە و حیزبیش بە گرنگ وەریبگرن، چونکە پۆستی سیادی ھەیە وەکو پارێزگار و جێگری یەکەم و سەرۆکی ئەنجوومەن و سی و سێ یەکەی ئیداری، بۆیە پارتی بەپێی قەبارەی خۆی پۆست وەردەگرێت، بەپێی بەرنامەی لیستی خۆی خزمەت دەکات لەڕێگەی پۆستەکانی وەریدەگرێت، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان کە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان، ئاشکراشی کرد: سێ پۆستی گرنگ ھەن ئەوانیش پارێزگار و جێگری یەکەم و سەرۆکی ئەنجوومەن، بەتایبەت سەرۆکی ئەنجوومەن زۆر گرنگە، چونکە پڕۆژەکان لە ئەنجوومەن تێدەپەڕن، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەنجوومەن نەبوو زیاتر دەستەڵات لە دەستی پارێزگار و جێگرەکەی بوو، لەمەودوا ئەنجوومەن زیاتر دەستەڵاتی دەبێت و پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پۆستێکی سیادی ھەبێت و لە پۆستەکانی دیکەش بەپێی قەبارەی خۆی پۆستی پێدەدرێت، چونکە ناکرێت ئەوەی حکوومەت پێکبێنێت ھەموو پۆستە سیادییەکان بۆ ئەو بێت، بۆیە پارتی پۆستێکی سیادی بە مافی خۆی دەزانێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، چونکە لیستی نەجم جبووری، پێنج کورسی بەدەستھێناوە و پارتی چوار کورسی و لیستەکانی دیکەش کورسییان بەدەست ھێناوە، پێویستە پێکەوە حکوومەت دروست بکەین.
لەلایەکی دیکەوە حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی کەرکووکمان داوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی دۆخی کارگێڕی کەرکووک بۆ سەردەمی پێش ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و سەپاندنی پارێزگایەکی خۆسەپێن بگەڕێنینەوە و کار دەکەین بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی کاریگەرییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی شارەکە.
سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: لەسەر ئەو بەرنامەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دایناوە، بەشێوەیەکی ھاوسەنگ خزمەت دەکەین و ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکانی کەرکووک بە یەک چاو دەبینین و ھیچ جیاوازییەک ناکەین لە خزمەتکردنیان، بەتایبەتی کە پێشتر ئەو ھاوسەنگییە ڕانەگیرابوو لە خزمەتکردنی شارەکە و خەڵکەکەی.
حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زیاتر گوتی: ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە چ ئەوانەی کراون، چ ئەوانەشی کە دەکرێن، ھەروەھا ھەوڵ دەدەین ھەلی کار بۆ خەڵکی شارەکە بدۆزینەوە و دەستەبەر بکەین.