وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی: چەکدارانی پەکەکە گەیاندنی پڕۆژەکانیان بۆ ناوچە سنوورییەکان وەستاندووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شەڕی چەکدارانی پەکەکە و تورکیا گرفت و مەترسی بۆ گوندنشینان دروست کردووە، بەھۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادان زۆرێک لە گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکان ناوچەکانیان چۆڵکردووە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، دەڵێن، چەکدارانی پەکەکە گەیاندنی پڕۆژەکانی بۆ گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان وەستاندووە.

لە ئامێدی و دەوروبەری شەڕی پەکەکە و تورکیا کێشەی زۆری بۆ ھاووڵاتییان دروست کردووە، وەکو خۆیان دەڵێن: مەیدانی شەڕی ئەوان دیارە، بۆچی ئێمە باجی شەڕەکە بدەین، ئەگەر پەکەکە لە ناوچەکە نەمێنێت، کەرتی گەشتیاری دەبووژێتەوە و ئەو خەڵکەی کە چەندین ساڵە لە گوند و ئاواییەکانی خۆیان دوورن دەگەڕێنەوە و گوندەکان ئاوەدان دەکەنەوە، بۆیە داوا دەکەین ڕەوشی ناوچەکە ئاسایی بکرێتەوە، چونکە ئەگەر بارودۆخی ناوچە سنوورییەکان ئاسایی بووەوە، دەستی ئاوەدانی حکوومەتی ھەرێم دەگاتە ناوچەکانی ئێمە ئەوەش وا دەکات گوند و ئاواییەکان زیاتر ئاوەدان ببنەوە.
لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا ھەندێک ناوچەی گەشتیاری بوونەتە ھێڵی سوور بۆ گەشتیاران، ئەوە چەندین ساڵە داوا لە پەکەکە دەکرێت ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی ھیچ بەھانەیەک بۆ تورکیا نەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ھێرش نەکات، بەڵام بێ سوود بووە و پەکەکە ڕۆژبەڕۆژ خۆ لە گوند و ئاواییەکانی ھەرێمی کوردستان نزیک دەکاتەوە، ئەوەش وای کردووە زیاتر زیان بەر ناوچە گەشتیارییەکان بکەوێت، ھاووڵاتییانیش لەو دۆخەی تێدانە نیگەرانن.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، دەڵێت: چەندین گوند ھەبوونە نەمانتوانیوە وەکو حکوومەتی ھەرێم بەھۆی بوونی ململانێ لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و تورکیا وەکو پێویست دەستی ئاوەدانی بۆ درێژ بکەین، ئەگەر پەکەکە لەو ناوچانە نەبوایە حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ھەموو ناوچەکان درێژ دەکرد، ئەوەش وای دەکرد ھەم زیاتر گوندەکان ئاوەدان ببانەوە، ھەمیش کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و ساڵانە گەشتیارێکی زۆرتر ڕوو لە ناوچەکانی ئامێدی بکەن، بۆیە داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەکەین لە گوند و ئاواییەکانی ھەرێمی کوردستان دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی بیانو نەدەنە دەست تورکیا و چی دیکە گوند و ئاواییەکانی ئێمە چۆڵ نەبن.