ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ستگیركردنی شه‌ش تۆمه‌تبار‌ی راگه‌یاند

ئاسایشی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م دەستگیرکردنی شەش کەسی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر راگه‌یاند.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر رایگه‌یاند: ‎دوای چاودێریکردن و بەدواداچوونی هێزەکانمان، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر 6 تۆمەتباری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر دەستگیركران به‌ ناوه‌كانی (آ، م، م) و(آ، م، ح) و (م، و، آ) و (ف، آ، ک) و (آ، م، ن) و (س، م ، ب).

راشیگه‌یاند: لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمه‌تباره‌كاندا هه‌روه‌ها دەستمان گرت بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و جامایکا له‌گه‌ڵ چوار چەکی بێ مۆڵەت لە جۆری دەمانچە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هه‌ر له ‌كاتی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كاندا، بڕی 165 هەزار دیناری عێراقی ساختە و هەروەها هەندێک کەلوپەلی کێشانی ماددەی هۆشبەریش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا.