لە هەولێر….کۆنفرانسێک سەبارەت بە ئامار و کار و چالاکیەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى شێرپەنجە ئەنجامدرا

ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.2.4، بە ئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى هەولێر و ژمارەیەکی تر لە کونسڵی وڵاتان و پسپۆڕان و پزیشکان، بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى شێرپەنجە، وەزارەتى تەندروستیى لە ژێرناونیشانى (کەلێنى خزمەت پڕدەکەینەوە) کۆنفرانسێکى سەبارەت بە ئامار و کار و چالاکیەکانى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى شێرپەنجە ئەنجامدا.

لە کۆنفرانسەکەدا، جگە لەوەی چەندین چالاکى جۆرا و جۆر بۆ هۆشیارکردنەوە و خستنەڕووى ئامارەکان پێشکەش کران، ئاماژە بە ڕۆڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتی تەندروستیی درا سەبارەت بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بە تووشبووانی شێرپەنجە، هەروەها باس لە ئامانجی ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە کرا، کە ئامانج لێی هۆشیاری شێرپەنجەیە وەك پرسێكی تەندروستی گشتی و بەهێزكردنی كردەوەكان بەرەو باشتركردن و دەستڕاگەیشتن بە چاودێری كوالیتی، پشكنین، دۆزینەوەی پێشوەختە و چارەسەرییەکانی ئەم نەخۆشییە.

جێگەی باسە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتى تەندروستیىەوە گرنگیەکی تایبەت دەدات بە چارەسەرکردن و هۆشیارکردنەوەى هاولاتییان و خۆپارێزى لە نەخۆشییەکان بە تایبەتى لە نەخۆشى شێرپەنجە، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە نەخۆشخانەکان، چەندین سنتەری جیاجیای دیکەش بۆ چارەسەرییەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان کراوەتەوە.