لە ساڵی 2023 حكومەتی هەرێم زیاتر لە 51 ملیار دیناری بۆ چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە خەرج كردووە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام خەریكی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی 2023 زیاتر لە 51 ملیار دیناری بۆ چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە خەرج كردووە.
موزەفەر یابە ساڵح، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سندووقی كۆمەك بۆ شێرپەنجە، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “گەر چارەسەری نەخۆشەكە لە هەرێم بەردەست نەبوو، دەنێردرێت بۆ سندووقی كۆمەك، لەو سندووقەشەوە بۆ چارەسەركردن یان نەشتەرگەری ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت.”
هەڵوێست محەممەد، تووشبوویەكی سێ ساڵەی شێرپەنجەیە، بە وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی نانەكەلی دۆخی باش بووە و دەیەوێت بە تەواوی بگاتە چارەسەر. ئەو گوتی: “دوو تا سێ ساڵە لەم نەخۆشخانەیەدا چارەسەر وەردەگرم، دەرمان و چارەسەرەكانم هەمووی لەم نەخۆشخانەیەدایە و لەسەر ئەركی حكومەتە.”
ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا بۆ هەر 100 هەزار كەس 190 تووشبووە، لە هەرێمی كوردستان بۆ هەر 100 هەزار كەس 151 كەس تووشبووی شێرپەنجەن، بەوەش لە خوار پێوەری جیهانییەوەیە. ژمارەی تووشبووانیش لە 2023دا، 9 هەزار و 911 كەس بووە.
د. چنار سنجاوی، سەرۆكی بەشی كۆنتڕۆڵی شێرپەنجە دەڵێت: “گەر هەر هاووڵاتییەك هەستی بە نیشانەیەكی شێرپەنجە كرد، تا زووتر سەردانی نەخۆشخانەكان بۆ پشكنین بكات، ئەگەری چارەسەربوونی زیاتر و خێراترە.”
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام گرنگی بە نەخۆشانی شێرپەنجە دەدات، لەو چوارچێوەیەدا لە 8 نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەتی شێرپەنجە، چارەسەری نەخۆشان دەكات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری