دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پارتی چاکسازی تورکمان: هەرگیز نابێت سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت

پارتی چاکسازی تورکمان رایگەیاند، ناکۆکییەکان چەند گەورەبن نابێت بهێڵین کاریگەرییان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەبێت، هاوکات پشتگیری هەموو هەوڵێک دەبن بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) پارتی چاکسازی تورکمان لە میانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانپەروەری هەموو تاکێکی دڵسۆزی کوردستانە، ناکۆکییەکان چەند گەورەبن نابێت بهێڵین کاریگەرییان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەبێت.

ئەو پارتە دەشڵێت: گرنگە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هاوکار، هەماهەنگ و یەکڕیزبن بۆ رێگریکردن لەهەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.

پارتی چاکسازی تورکمان پشتگیری هەموو هەوڵێک دەکەن بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و بژێوی ژیانی هاونیشتیمانیانی کوردستان.

هاوکات ئەو پارتە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید، ئەنفال، قوربانیدان و بەرخودانی گەلی کوردستانە و هەرگیز نابێت سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.