ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەست بەکار بوون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دەست بە تۆمارکردنی بایۆمەتریی دەنگدەران وەکو ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەخایێنێت، ئەو کەسانەی کە لە دایکبووی ٢٠٠٦ تا کاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەمەنیان دەگاتە ١٨ ساڵ و دەتوانن خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمار بکەن.

ڕۆژی ٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، کۆمیسیۆن نووسراوی فەرمی بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، ناتوانێت لە ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ کە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا بوو، ھەڵبژاردن بەڕێوەببات، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دوو جار وادە بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بەھۆکاری جیا جیا نەتوانراوە ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت.
ڕۆژی سێشەممە، ١٦-١-٢٠٢٤، شاندێکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بۆ کردنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ھەرچەندە بڕیار بوو وادەیەک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکرێت، بەڵام تا ئێستە دیاری نەکراوە، بەڵام ھەموو بۆچوونەکان بۆ ئەوە دەچن کە ١٩ی مانگی پێنج تا سەرەتای مانگی شەش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
بەگوتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆن، ١ـی شوبات دەست بە تۆمارکردنی لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٦ و ئەو کەسانەش کرا کە تۆماری بایۆمەترییان نەکردووە و پڕۆسەکەش تاوەکو ڕۆژی ٢٠ـی شوبات بەردەوام دەبێت.
بەرپرسانی کۆمیسیۆن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو تۆمارکردنە ئامادەکارییە بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە تەنیا لە سنووری ھەولێر پەنجا و سێ بنکە بۆ تۆمارکردنی بایۆمەتری ئەو دەنگدەرانە کراونەتەوە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ بەیانی تا ٣ی دوای نیوەڕۆ بنکەکان کراوە دەبن.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێری ھەڵبژاردنەکان، دەڵێت: زۆر پێویستە لایەنە سیاسییەکان پێکەوە ھەوڵ بدەن ئەو بۆشاییە دەستوورییەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە نەمێنێت و دامەزراوەکان بگەڕێنەوە سەر ڕێچکەی یاسایی خۆیان، بۆیە پێویستە بەرژەوەندی حیزبی و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن و بەرژەوەندی گشتی لەسەرووی ھەموویانەوە دابنێن و ھەرچی زووە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

ھەواڵی زیاتر