حکومەتی هەرێمی ساڵانە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار لە نەمامگەکاندا خەرج دەکات

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 2ـی شوباتی 2024) هەڵکەوت عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخ و پاوان و دارستان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە، نەمام لەو نەمامگانەوە بە نرخی پاڵپشتیکراو و زۆر رەمزی بە خەڵک و پڕۆژەکان دەفرۆشرێت، کە زۆر جار لە تێچووی بەرهەمهێنانەکەیان کەمترە، ئەوەش پاڵپشتییە بۆ جووتیار و هاووڵاتییان تا بە ئاسانی نەمامیان بەدەست بگات.

لە هەرێمی کوردستاندا، رووبەری دارستان و پاوان، نزیکەی 10 ملیۆن دۆنم زەوی پێک دەهێنن، حکومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رێگەی هاندانی نەمامگەکان و پڕۆسەی رێکخراوی چاندنەوە، خواستییەتی رێژەی سەوزایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر بکات.

پرسی ژینگه‌ و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا به‌رده‌وام یه‌كێك بووه‌ له‌ لایه‌نه‌ بایه‌خپێدراوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ پێناو به‌رگرتن له‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، چه‌ندان هه‌نگاوی گرنگ له‌ هه‌رێمی كوردستان نراوه‌، له‌وانه‌ پشتبه‌ستن به‌ وزه‌ی خاوێن و دروستكردنی چه‌ندان پۆند و به‌نداو و زیاتركردنی ناوچه‌ و پانتایی سه‌وزایی له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان.