سەفین دزەیی: بازنەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان فراوانتر بووە

 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کاری نوێنەرایەتییەکان لەسەر بنەما و دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، بازنەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان فراوانتر بووە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رۆژی دووەمەوە کۆنفرانسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەچوو و زیاتر نوێنەرەکان راپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد، گفتوگۆ لەسەر چەندین تەوەر کرا کە جێگەی بایەخ بوو.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، گرنگترین تەوەر کە باسمان لێوە کرد شێوازی کارکردنی داهاتوومان بوو، هەروەها بە گرنگییەوە باسمان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا کردەوە کە چۆن بتوانین لەو سەردەمەدا زیاتر لێی سوودمەند بین، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریمان کرد.

سەفین دزەیی، هاوکات راشیگەیاند، لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی راسپاردەکانین بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و دواتر پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەین بە مەبەستی پەسەندکردنی و، تا بتوانین بپڕژێینە سەر کارەکانمان لە داهاتوو و بە شێوەیەکی باشتر و مۆدێرنتر کارەکانمان ئەنجامبدەین.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: کاری نوێنەرایەتییەکان لەسەر بنەما و دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

سەفین دزەیی، جەختی لەوەشکردەوە، سەردانی شاندی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەیە، هەروەها ئاڵوگۆڕی ئابووری یەکێکە لەو ئەولەویاتانەی کە دەمانەوێت سەرمایەی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشین.

رۆژی یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت دەستیپێکرد.