بۆ ئاسانکردنی کاروباری هاووڵاتییان کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتی لە دەڤەری راپەڕین دەکرێتەوە

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، بڕیار دراوە لە دەڤەری راپەڕین کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتی بکرێتەوە بۆ کار ئاسانکردنی کاروباری هاووڵاتییان .

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 20224، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار دراوە کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتی بکرێتەوە تاوەکو ئەرکی دانیشتووانی ناوچەکە بە ئاسانی بڕوات، دەڤەری راپەڕین وەکو ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگە لە رووی سامانی ئاژەڵی، کشتوکاڵی و لە رووی ئاویەوە گرنگی تایبەتمەندی خۆی هەیە.

بە گوتەی ئەو وەزیرە: “دەڤەری راپەڕین دەشتێکی گرنگی بە پیتی لێیە کە یەکێک لە دەشتە گرنگەکانی عێراق و کوردستان، ئەویش دەشتی بتوێنە. بۆیە بە پێویستمان زانی بەڕێوەبەریەتی کشتوکاڵی گشتی راپەڕین، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری، دارستان و پاوان و لەگەڵ سەرچاوە ئاوییەکان لەم دەڤەرەدا بکرێتەوە”.

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی کشتوکاڵ دەسەڵاتی تەواوی خۆیان دابەزاندووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، بۆ ئەوەی کاروباری جووتیاران خاوەن کار و پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی خۆیان بەڕێوەبەرن بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت، جگە لەو کارانەی کە لە رووی یاساییەوە پەیوەندیدارە بە وەزارەت. ئەمە بۆ ئەوەیە کە ئێمە کار ئاسانی تەواوی بکەین بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە لەو رۆتینەی کە لە رابردوودا هەبوو، لێرەوە بۆ سلێمانی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر رزگاری ببێت، لەمڕۆ بەدواوە کاروبارەکان لەم دەڤەرەی خۆیان جێبەجێ دەکرێت.