پڕۆژەی ئاوی بارزانکێشەی ٥١ گوندی ناوچەکە چارە دەکات

ڕائیب جادر – هەولێر

بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەڵێت: پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان ٨٢% کارەکانی تەواو بووە و مانگی ٩ دەخرێتە خزمەت ھاووڵاتییان، پڕۆژەکە لە ھەر کاتژمێرێکدا ھەزار و دوو سەد مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە سی و یەک ھەزار دانیشتووانی سنوورەکە دابین دەکات، بەوەش دەڤەری بارزان لە کێشەی کەمئاوی ڕزگار دەبێت. ھاووڵاتییانی ناوچەکەش سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی بارزان دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی سنوورەکە و سەرچاوەکەشی ڕووباری شینە لە ناوچەی باڵندە، پڕۆژەکە ئاوی ڕووبار بۆ بەشی پاڵاوتن دەگوازێتەوە، لەوێشەوە ڕادەی پاکی و پێکھاتەکانی ناو ئاوەکە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ خواردنەوە شیاو بێت، ئاوەکە پاشان لە ڕێگای کۆگاکانی پڕۆژەکەوە بۆ گوندەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەڵێت: پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان ٨٢% کارەکانی تەواو بووە و مانگی ٩ دەخرێتە خزمەت ھاووڵاتییان، کە پڕۆژەکە لە ھەر کاتژمێرێکدا ھەزار و دوو سەد مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە سی و یەک ھەزار دانیشتووانی سنوورەکە دابین دەکات.

بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، ئاشکراشی کرد: پڕۆژەکە بەگوژمەی سەد و سی و ھەشت ملیار و چوار سەد و چل و چوار ملیۆن و ھەشت سەد و چل و پێنج ھەزار دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، گوتیشی: سوپاسی ھەوڵ و ماندووبوونی مەلا مستەفا بارزانی، دەکەین بۆ خەمخۆری جەنابیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، بۆ سوود وەرگرتنی تەواو لە پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان لە ئێستەدا پڕۆژەیەکی تەواوکاری کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بریتییە لە ڕاکێشانی کارەبای نیشتمانی بۆ پڕۆژەکە کە بریتییە لە ھێڵی کارەبای پاڵەپەستۆی بەرز بەتوانای سی و سێ کەیڤی و یازدە کەیڤی بەدرێژایی سی و یەک کیلۆمەتر لەگەڵ دامەزراندنی وێستگەیەکی ٣٣ کەیڤی بەسوود وەرگرتن لە وێستگەی کارەبای سەد و سی و دوو کەیڤی دێرەلووک، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای ھێرۆ جێبەجێ دەکرێت و گوژمەکەشی ھەشت ملیۆن و شەش سەد و شەست و ھەشت دۆلارە، لەسەر بودجەی وەزارەتی کارەبا لەژێر سەرپەرشتی لیژنەی ھاوبەشی ھەر دوو وەزارەتی کارەبا و شارەوانی جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ناوچەکە بەرەوپێشچوونێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت.

ھەواڵی زیاتر