گرووپە چەکدارە نایاساییەکان بوونە بە بەڵای ناگاهانی عێراق

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

ئەگەرچی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانی بەرپرسانی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە ببنە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە و لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوەبگلێن، بەڵام گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی عێراق شتێکی تر دەڵێن و دواجار مەترسییەکەیان هێناوەتە سەر ئاسمانی وڵاتەکە.

دوایین جار بەهۆی هێرشێکی دڕۆنییەوە بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کە لە ئاکامدا کوژرانی ٣ سەرباز و بردیندار بوونی دەیان سەربازی لێکەوتەوە، جارێکی دیکە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەش بووەوە و عێراقیش بەهۆی ئەوەی بووە بە مۆڵگەی دەیان گرووپی جیاوازی چەکداری، بەدەر نییە لە هەڕەشەی ئاڵۆزییەکان.
پێدەچێت حکوومەتی عێراق توشی ئیحراجییەکی گەورە بووبێت لە بەرامبەر هەڵسوکەوتی ئەو گرووپە چەکدارانە و لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی یەکەمە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە، کە وا زانراوە ئەو هێزانە بارگرانیشیان لەسەر بودجەی وڵاتەکە دروست کردووە.
گرووپەکان سەرباری ئەوەی بوودجە و مووچەیان لەسەر حکوومەتی عێراقە، بەڵام کەم رۆژ هەیە لە رێگەی هێرشکردنەسەر پێگەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت لەوڵاتانی دیکەش، حکومەت تووشی شەرمەزاری نەکەن.
هەژموونی گرووپە چەکدارەکان عێراقی کردووە بە یەکێک لە نائارامترین وڵاتەکان لە رووی ئەمنییەوە، بەجۆرێک ماڵپەڕی ئاشتی جیهانی عێراقی لە لیستی سووری وڵاتە مەترسیدارەکان داناوە. ناوبەناویش باڵیۆزخانەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان هۆشداری بەهاوڵاتییەکانیان دەدەن خۆیان لەسەردانیکردنی عێراق بپارێزن.
یەکێک لە مەترسییەکانی دیکەی ئەو گرووپە چەکدارانە، بەشداریی کردنیانە لە بڕیاری سیاسیی و تەنانەت دەستوەردانە نێو بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقیش، ئەمە وایکردووە ئەجێندایەکی حکوومی بە بەر خۆیاندا بکەن بە تایبەتی دوای ئەوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و سەرکردەکانیان بە ئاشکرا خاوەندارێتی بەشێک لەو گرووپانە دەکەن، ئەو گرووپانە چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هەولێر و حکوومەتی عێراقیش جگە لە بەیاننامە و ئیدانە کردنی هێرشەکان هەرگیز هاوکارێکی جیددی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان نەبووە بۆئەوەی بتوانرێت کۆنتڕۆڵی ئەو هێزانە بکرێت و هێرشەکان دووبارە نەکرێنەوە.
ئێستا کە هەڕەشەی جیددی لەسەر ئەو هێز و گرووپانەیە، پێدەچێت حکوومەتی عێراق هۆشداریی توندی پێدابن تاوەکو چالاکییەکانیان لە عێراق هەڵپەسێرن و ڕایگرن، هەر بۆیە بەشێکیان چالاکییەکانی خۆیان دژی هێزەکانی هاوپەیمانان هەڵپەساردووە و بەیاننامەیان دەرکردووە لەو بارەیەوە.
ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە؛ چاودێری جموجۆڵەکانی گروپە چەکدارەکان وحەشدی شەعبی دەکرێت”، ئاماژەیان بەوەشکرد، فەرمانەکان گەیشتووەتە فەرماندە مەیدانییەکان سەبارەت بەوەی پێویستە زۆر وریا بن، ئەمەش بەهۆی پیشبینکردنی هێرشێکەوە دێت لەلایەن ئەمەریکاوە لە عێراق.
سەرچاوەیەکی دیکەی عێراقی بە هەمان ڕۆژنامەی ڕاگەیاند، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان پێگەکانی خۆیان چۆڵکردووە و چوونەتە پێگەی بەدیل، چەکدارەکان بە شێوەیەکی جیاواز بەسەر پێگە نوێیەکانیان دابەشبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لە ناو بارەگاکاندا لە چەکدارەکان قەدەغە کراوە، هەروەها چەکدارەکانیان پابەند کردووە بەوەی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتووچۆ نەکەن، بەڵکو ئۆتۆمبێلی مەدەنی بەکار بهێنن بۆ پاراستنی خۆیان.
پیشبینی دەکەن، ئەمەریکا لە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی “حزبوڵڵای عێراقی و بزووتنەوەی نوجەبا و رێکخراوی بەدر و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی بکاتە ئامانج.
سێ سەرچاوە بە رۆژنامەکەیان گوتووە، لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە هەوڵی داوە گرووپە چەکدارەکان رازی بکات کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمەریکییەکان کەمتر بکەنەوە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا عێراق کەی دەتوانێت خۆی لە بەڵای ئەو گرووپە چەکدارانە بە یەکجاری ڕزگار بکات؟ ئایا ئەو فشارانەی دەخرێتە سەر هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە هەمان ئەو خواستانەن کە ئەو گرووپە چەکدارانە دەیانەوێت ؟ کە لەوەتەی سەریان هەڵداوە، هەرگیز عێراق ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە و جگە لە وێرانکاری شوێن دەستیان بە هیچ شتێکی دیکەوە دیار نییە.

ھەواڵی زیاتر