بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی رێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی 1ـی شوبات بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-2-2024 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی یەكی شوبات لە هەولێر بەڕێوەچوو.
20 ساڵ لەمەوبەر و لە 1ی شوباتی 2004، لە هەریەك لە بارەگاكانی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی 3ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەكاتی پێشوازیكردن لە میوانان بۆ جەژنە پیرۆزە، دوو تەقینەوە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان  و مەڵبەندی سێی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەئامانج گرت ، بەهۆیەوە (103) بەرپرسی حكومی و سەركردە و كادیر و پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانیش لەساڵیادی كارەساتەكەدا لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: ئەگەر چی تیرۆریستان ئەو كارە قێزەوونەیان بۆ تێكدانی ئاشتی و گیانی لێبوردەیی و خۆشیەكانی جەژن بوو، بەڵام خوێنی شەهیدان و قوربانیەكان بوونە هەوێنی زیاتر بەهێزكردنی گیانی پێكەوەژیان و تەبایی و یەكێتی ڕیزەكانی گەلی كوردستان، 
دەشڵێت:هیوادارین ئەم بۆنانە هاندەری زیاتر بەهێزكردنی سەروەری كوردستان و یەكێتی ڕیزەكانی گەلەكەمانبێت. ئێمەش لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ، بیرەوەری شەهیدان و قورباییان بەرز و زیندوو ڕادەگرین و وەك هەمیشە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان.