ژووری بازرگانی سنە: ئێران بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەدەست دەدات

سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، گرژییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زیان بە بەرژەوندییەکانی ئێران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

سەید کەماڵ حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا ئاماژەی بە راگەیەندراوێکی ژووری بازرگانیی هەولێر داوە کە دوای مووشکبارانەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر داوای لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد هاوردەکردنی بەرهەمی ئێرانی بایکۆت بکەن و دەشڵێت، “ئەو ڕووداوانە لێکەوتەی باشیان بۆ بازرگانیی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی بازاڕی کاڵاکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان نابێت”.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای سنە هاوکات نیگەرانیی خۆی لەوەش دەربڕیوە کە تورکیا “بە هێزەوە لە بازاڕی هەرێمی کوردستاندا کار دەکات و کاڵای تورکی لەو بازاڕەدا زۆر لە کاڵای ئێرانی زیاترە”. ئەوەشی خستووەتەڕوو، گرژییەکان دەبنە هۆی ئەوەی ئێران زۆر لەوەی هەیە زیاتر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەدەست بدات.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوایە.

دوای هێرشەکانیش لە هەولێر، دهۆک، سۆران، زاخۆ، ئاکرێ و بەردەڕەش، چەمچەماڵ، گەرمیان و لەلایەن رەوەندی کوردستانی لە 15 وڵاتی جیهان خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر بەڕێوەچوو کە تێیدا داواکرا رێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بگیرێت و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵییش کرا سنوورێک بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران دابنێن.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا، ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر و دهۆک، سۆران و زاخۆ داوایان لە هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بکەن و جەختیان کردەوە کە بەدوای دۆزینەوەی جێگرەوە دەگەڕێن بۆ کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.