به‌رپرسانى باڵاى وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانى عێراق دوێنێ دووشه‌م کۆبوونەوەی كۆميته‌ى بەڕێوەبەری جێبەجێکاریيان بۆ پرسی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەنجام دا.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه: کۆبوونەوه‌كه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و پێشكه‌وتنانه بوو كه له پرۆسەی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگەدا به‌دیهاتوون له چوارچێوه‌ى یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا كه له ئەیلوولی 2022 نوێ کراوەتەوە.
بڵاویشی كرده‌وه: كۆميتهكه ئه‌و پێشکەوتنانەى خسته‌ڕوو کە بۆ چاکسازیی له هێزى پێشمەرگەدا بەدەستهاتوون، هەروەها لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بۆ ساڵی داهاتوو ڕێککەوتن وەک بەشێک لە پابەنديی هاوبەش و درێژخایەن بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوه‌ى وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا و بنیاتنانی هێزێکی پیشەیی كه بتوانێت تێکشکاندنی یەکجارهكیی داعش مسۆگه‌ر بكات.
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشکەوتنی بەرچاوی لە پرسی چاکسازی لە پێکهاتەی دارایی و هێزەکاندا بەدەستهێناوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە خۆشحاڵییەوە دەڕواننە بەردەواميی هەوڵەکانی چاکسازی کە لە یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لە 2022دا هاتووە.
وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتگيرى لە گەلی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات بۆ بنیاتنانی عێراقێکی به‌هێز و سه‌قامگير و خاوەن سەروەری.