پێشەوا هەورامانی وەڵامی راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەداتەوە

پێشەوا هەورامانی، ‏‎وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەداتەوە و دەڵێ، پێویستە هاووڵاتییان لە سەرانسەی عێراق بزانن، ئەوانەی شایستە داراییەکانی هەرێم و  موچەخۆرەکانی راگرتووە، کەسانی وەک ئەو راوێژکارەن، کە تا سەر ئێسقان بەو عەقلییەتە شۆفینییە پێداگری لە سەر برسیکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن و نابێت هەرێم جووڵەی دیبلۆماسی هەبێت.

پێشەوا هەورامانی لە پەیامێکدا نووسیویەتی؛ راوێژکارێکی سودانی پەیامێکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووەو دەڵیت؛ ئێوە واز لە دیبلۆماسییەت بهێنن و خەریکی مووچەبن!، ‎ پرسیارەکە ئەمەیە، سەرەڕای ئەوەی بە نادەستووری دەستخراوەتە قوڕگی حەوت ملیۆن کەس و برسی دەکرێن و پەنجا و پێنج ماددەی دەستووری بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێلکراون، بەڵام ئەم بەڕێزە دڵی لای، ئەوەیە کە نابێت هەرێم جووڵەی دیبلۆماسی هەبێت.

هەورامانی دەڵێ، پێویستە هاوڵاتیان لە سەرانسەی عێراق بزانن کە ئەوانەی شایستە داراییەکانی هەرێم و  موچەخۆرەکانی راگرتووە ، کەسانی وەک ئەو راوێژکارەن کە تا سەر ئێسقان بەو عەقلییەتە شۆفینییە پێداگری لە سەر برسیکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

‏‎ وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت؛ ئێمە دڵنیاین کەسانی هاوشێوە و خاوەن ئەم بیر و هزرە کۆسپن لەبەردەم نزیکبوونەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، هەروەها ڕاوێژکاری هاوشێوەن کە دەیانەوێت لەمپەر بخەنە بەردەم هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەل هەرێم.