پەرلەمانتارێک: عێراق رووبەڕووی گەندەڵییەکی زۆر بووەتەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، عێراق تووشی گەورەترین کێشەی گەندەڵی بووەتەوە لە ناوخۆدا و پێی چارەسەر ناکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، یادگار مەحموود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، گەندەڵی پارە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ هەر وڵاتێک کە هەیبێت. کە لە ئێستادا وڵاتێکی وەکو عێراق بە کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفتدا تێدەپەڕێت و تووشی گەورەترین کێشەی گەندەڵی بووەتەوە و پێی چارەسەر ناکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: “دەتوانین بپرسین ئایا بۆ ئەم گەندەڵییە بەو ئاست و قەبارەیە لە عێراقدا هەیە؟ کە دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق. و پەیوەندی هەیە بەو دۆخە سیاسییەی کە هەیەتی، بەتایبەت لە رووی جێۆپۆلەتیکەوە”.

بەگوتەی یادگار مەحموود: “هەر وڵاتێک میلیشیای هەبێت، لە دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانیدا بوو، یاخود لەدەرەوەی دەزگای حکومەت بوو، بە دڵنیاییەوە دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەیت کە کێشەی گەندەڵی لەو وڵاتە زیاتر دەبێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، چەند هۆکارێک وای کردووە کە لە عێرقدا گەندەڵی بگاتە ئەو ئاستە، لە هەمانکاتیشدا دەبێت سەیری هەبوونی عێراقیش بکەین تا چ ئاستێک هەوڵی ئەوەیداوە کە گەندەڵی بنبڕبکات. بەڵام بەداخەوە هیچ هەوڵدانێک بۆ بنبڕکردنی ئەو گەندەڵییە نەدراوە لەگەڵ هەبوونی چەندان لیژنە و دەستەی دەستپاکیش لە عێرقدا.