لە ئێرانچوار بەندکراوی سیاسیی دیکەی کورد لە سێدارە دران

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوێنێ دووشەممە ٢٩ی مانگی کانوونی دووەم دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران چوار بەندکراوی سیاسیی دیکەی کوردی خۆرهەڵاتی کوردستانی لە سێدارە دا. سەرەڕای گوشاری بنەماڵەکانیان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حوکمەکە جێبەجێ کرا و ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ حکوومەتی ئێران زۆر خێراتر دەستی بە جێبەجێکردنی سزاکانی لە سێدارەدان کردووە و ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن تەنیا لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا سەرووی هەشتا کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.
‎هەر چەندە زۆربەی ئەوانەی لە سێدارە دراون تاوانەکەیان سیاسی نییە بەڵام ژمارەی ئەوانەی بە تاوانی چالاکی سیاسی لە سێدارە دەدرێن کەم نین و هەر یەک لە پەژمان فاتێحی، موحسین مەزڵووم، محەمەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار کە چوار بەندکراوی سیاسیی خۆرهەڵاتی کوردستان بوون، دوێنێ دووشەممە حوکمەکەیان جێبەجێ کرا.
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا سزای سێدارەی لانی کەم هەشت سەد و بیست و نۆ بەندکراو لە گرتووخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە لەوانە بیست و دوو کەسیان ژن و پێنجیان منداڵ بوون. ئەم ئامارە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ کە لە گرتووخانەکانی ئێراندا سزای سێدارەی پێنج سەد و چل بەندکراو تۆمار کرابوو، بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٣%زیادی کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سی و یەک کەس لەوانەی لە سێدارە دراون تۆمەتەکانیان پێوەندیدار بووە بە چالاکی سیاسی و ئەوانەی تر بە تاوانی تری جیاواز حوکمەکەیان بەسەردا سەپێنراوە.
زۆرترین بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە نەتەوەی بەلووچ بوون کە ژمارەیان سەد و هەشتا و سێ کەسە و دەکاتە ٢٢.٨٪ی کۆی دۆسییەکانی سێدارە، دوای بەلووچ کورد لە ڕیزبەندیی دووەمدا دێت و سەد و پەنجا و یەک هاووڵاتیی کورد لە ساڵی ڕابردوودا لە سێدارە دراون کە دەکاتە سەرووی ١٨%ی کۆی لە سێدارەدراوان.
حاڵەتەکانی لە سێدارەدانی کورد لە ئێران بەراورد بە ساڵێک پێشتر نەوەد و نۆ حاڵەت زیادی کردووە و بە واتایەکی تر بەڕێژەی ١٩٠% ئاماری لەسێدارەدانی کورد هەڵکشاوە. ساڵی ٢٠٢٢ پەنجا و دوو کورد بە تاوانی جیاواز لە سێدارە درابوون.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستیەش بکرێت کە لە ساڵی ڕابردوودا لانی کەم نۆ بەندکراوی سیاسیی کورد لەسێدارە دراون کە دەکاتە ٣٠٪ی کۆی ئەو بەندکراوانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چالاکیی سیاسی و ئایینییەوە لە سەرانسەری ئێران لەسێدارە دراون.
پێشبینی دەکرێ ئەمساڵ ئاماری لە سێدارەدان بەهۆی چالاکیی سیاسی لە ئێران پەرە بستێنێت و تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم دە کەس لە سێدارە دراون کە تاوانی زۆربەیان سیاسییە و ئەو چوار کوردەی دوێنێ لە سێدراە دراون سەرجەمیان بەندکراوی سیاسی بوون.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەی جیهانە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری سزای سێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت و هەرچەندە ناڕەزایەتی و هەڵوێستی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوانەش لێبوردنی نێودەوڵەتی و چاودێری نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی بەدواوە بووە بەڵام حکوومەتی ئێران گوێی پێ نەداون و لەو جۆرە سیاسەتە بەردەوام بووە.

ھەواڵی زیاتر