لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەری دەستیپێکرد

لەسەر داوای رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، دانیشتووانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان دەستیان بە مانگرتنی گشتی کرد، بۆ ئیدانە و شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی چوار گەنجی سیاسی کورد لەلایەن حکومەتی ئێران، ناڕەزایی دەربڕینەکان لە کاتێکدان کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەرمی ئەو چوار گەنجە کوردەیان رادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە بۆ بەخاکسپاردنیان.

شەش رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە دانیشتوانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری، لەسێدارەنی ئەو چوار گەنجە سیاسییە کوردە بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، ئیدانە و شەرمەزار بکەن، لە رۆژی دووشەممە لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە دران.

دوای بڵاوبوونەوەی راگەیەندراوە هاوبەشەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان، هاووڵاتییانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە مانگرتن و ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە کرد.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەرمی ئەو چوار گەنجە کورد لەسێدارەدراوەیان بە بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە بۆ ئەوەی بەخاکیان بسپێرن، بەڵام بە بنەماڵەکانیان راگەیاندوون، خۆیان بە نهێنی لە شوێنێکی نادیار بەخاکیان دەسپێردن. حکومەتی ئێران ترسی لەوە هەیە تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان بکاتەوە و لەکاتی بەخاکسپاردنیاندا رێوڕەسمی رێزگرتن بەڕێوەبچێت و دواتر خۆپیشاندان بکرێت.

هاوکات داواکاری گشتیی تاران رایگەیاندووە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی پشتیوانی لەو چوار گەنجە لەسێدارەدراوە، سکاڵای لە دژی رۆژنامەوانێک جوڵاندووە، بەبێ ئەوەی ناوی رۆژنامەنووسەکە ئاشکرا بکات، بەڵام ئاژانسی هەواڵی فارس ئاشکرای کردووە، ئەو رۆژنامەوانەی داواکاری گشتیی تاران سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە، ناوی شێرزاد هیمەتییە، بەڕێوەبەری بەشی کۆمەڵایەتیی رۆژنامەی ”شەرق”ـە، کە لە تاران دەردەچێت.

هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رێزگرتن لە گیانی هەر چوار گەنجە لە سێدارەدراوە و پشتیوانیی و دڵنەوایی خێزانەکانیان بە تاجەگوڵینەوە سەردانی ئەو بنەماڵەکانیان کردووە و لە رێوڕەسمی پرسەکانیاندا بەشدارییان کردووە. 

ھەواڵی زیاتر