د. پەروێز ڕەحیم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان:پەلاماری کوردستان دەدرێت، چونکە بەشێک نییە لە ململانێکان

کاردانەوەکان بەرامبەر بە ھێرشی سەر ھەولێر بەردەوامن، سەقامگیریی ئەمنی و ئابووریی و ئاوەدانیی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ھەندێک لە وڵاتانەوە بەئاسانی قەبووڵ ناکرێت و نایانەوێت بەردەوام بێت، بۆیە بە ھەر پاساوێکی ناڕەو پەلاماری دەدەن. سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: گرووپە لە یاسا دەرچووەکان ھەوڵدەدەن پشێوی بخەنە پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا. دەشڵێ: پێویستە حکوومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ھێرشی ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە دابنێت و سەروەریی خاکی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت.

درەنگانی شەوی دوو شەممە ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی ھێرشی کردە سەر شاری ھەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، چوار ھاووڵاتی سڤیل شەھید بوون و چەندین ھاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی ھاووڵاتییانی ھەولێر و دەوروبەری کەوت.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە ھێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ھەولێر کرد و ھێرشەکەی سەر ھەولێری بە “بێ پاساو و نامەردانە” ناوبرد، کە بەو ھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و برینداربوون.
ھەندێک لەوڵاتانی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەوەی بەشداری کارای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس و کردنەوەی ماڵی کوردستانیان لەو شارە بینی، ئێرەییان بە سەرکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە برد و ھێرشیان کرد.
ئێران تائێستە نەیتوانیوە پاساوەکانی ھێرشکردن بۆ سەر ھەولێر بسەلمێنێت، لە ھەموو ئاستێکدا ئێران تووشی ڕەخنە و ناڕەزایەتی بووەتەوە، بەتایبەت ھێرشی کردووەتە سەر ناوچەیەک کە دراوسێیەتی، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ئەمجارە بە یەکدەنگ دژی ھێرشە مووشەکییەکی ئێران ھاتنە دەنگ لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکان و شار و شارۆچکەکان پەیامی پشتیوانی بۆ ھەولێر نێردرا، پەیامێک گەیشتە ھەموو سووچێکی ئەم جیھانە.
کاردانەوەکانی ئەمجارەی شەقامی کوردی بەرامبەر ھێرشەکان تەواو جیاواز و کاریگەر بوو، چ لەڕووی سیاسی، چ لەڕووی ئابووری، چ لەڕووی ناڕەزایەتی گشتی تاک بە تاکی ئەم کوردستانە.
د. پەروێز ڕەحیم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی گووشارێکی ئێجگار زۆر بووە .
ئەو پسپۆڕە نێودەوڵەتییە، باس لەوە دەکات، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان شتێکمان ھەیە، بەناوی زۆنی خۆڵەمێشی، ئەوانەی کە نایانەوێت بچنە ناو شەڕەوە کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێت، لە گوتەکانی بەرپرسانی ئێرانی دەرکەوتووە، کە ئەمەریکا ترسی ئەوەی ھەیە تێکەڵی شەڕ بێت لە ئێستەدا، ئێمەش باجی ئەوە دەدەین کە ئێمە نەچووینەتە بەرەی مقاوەمە لە ناوچەکەدا، ئەم ھێرشەی کۆتا جاری سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هەولێر زۆر بە نەرێنی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران شکایەوە کە ئەم ھێرشەی کردووەتە سەر شوێنێکی سڤیلنشین.
د. پەروێز ڕەحیم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاشکراشی کرد: بۆیە پەلاماری هەولێر دەدرێت، چونکە نابێتە بەشێک لە ململانێکان، دەمانەوێت لەسەر بنەماکانی ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی باش و مێژووی ھاوبەش لەسەر ئەوانە بەردەوام بین، نەک ببینە بەشێک لە ململانێی ئەکتەرەکان کە نایانەوێت ھێرشی ڕاستەوخۆ بکرێنە سەر یەکتر، بەڵام پەلاماری ئێمە دەدەن بۆ پێدانی پەیام بە یەکتری.
ڕۆژی ھەینی سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرۆکۆنەی ئەو ھێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان، بەداخەوە ئەو ھێرشانە دووبارە و دەبارە بوونەتەوە، دەبێت حکوومەتی فیدراڵی بە کردار ھەنگاوێکی جیددی بنێت بەرامبەر بەو کردارە ناپەسەندانە کە دژی مرۆڤایەتی و خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، وەک زنجیرەیەک چەندین کرداری نا پەسەند دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ھەر لە ڕاگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بڕینی بودجە، ھێرشە درۆنی و مووشەکییەکان و تا دەگاتە جێبەجێنەکردنی پڕۆسەی کردنی ھەڵبژاردن، ئەوانە ھەموو کرداری ناڕەوان دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و قابیلی قەبووڵ نین.
سەفین دزەیی، زیاتر گوتی: ئێمە ھاوبەشی حکوومەتی فیدراڵین، پێش ئەوەی ئەو حکوومەتە نوێیە پێکبێت کارنامەیەک ھەبووە، نەخشەڕێگەیەک ھەبووە، پێویستە ئەو نەخشەڕێگە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. باسی لەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەوڵی چارەکردنی کێشەکان دەدات و جیددیە لە کارەکانی، بەڵام ھەندێک گرووپی لە یاسا دەرچوو ھەیە ھەوڵدەدەن پشێوی بخەنە پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا.
لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: تا ئێستە ھیچ ھەوڵێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە، بەڵام زوو بێت یان درەنگ ھێزەکانی بیانی ھەر عێراق بەجێ دەھێڵن، بەڵام پێویستە لە چوارچێوەیەکی گونجاو بێت ئەو کاتەی کە عێراق سەقامگیرە، لە ٢٠١١ کاتێک ھێزەکانی ئەمەریکا عێراقیان جێھێشت، حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو کە سوپایەکەیان مەشقیان پێکراوە ئامادەن عێراق بپارێزن، بەڵام بەداخەوە بینیمان لە ساڵی ٢٠١٤ کە چۆن ئەو سوپایە داڕما، بۆیە کشانەوەی ھاوپەیمانان لە ئێستەدا لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە لە کاتێکدا کە داعش ھێشتا ھەڕەشەیەکی جیددییە، وڵاتان باش ئەوە دەزانن و ھەستیان بەو مەترسییە کردووە.

پەیامنێری ھەولێر

ھەواڵی زیاتر