دواخستنی مووچە، گوشاری ڕاستەوخۆی بەغدا بۆ سەر خەڵکی کوردستان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لەوەتەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ پەسند کراوە عێراق نەک شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە بگرە ئەو سێ مووچەیەش کە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوو ناردی لە چوارچێوەی قەرز بوو و سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتن، هیچ مانگێک ڕووی نەداوە بە بێ کێشە و بیانوو، ڕەوانەکردنی پارەکە دوا نەخات. دواخستنێک کە بە گوشاری ڕاستەوخۆی بەغدا بۆ سەر خەڵکی کوردستان لێک دەدرێتەوە.

چاوەڕوانییەکان ئەوە بوون لانی کەم تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەری ڕێککەوتوون، مانگانە برێک پارە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی پێ دابین بکرێ. ئەمساڵ ڕێککەوتنی فەرمی لەبارەی ناردنی شەش سەد و هەژدە ملیار دینار کراوە بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
خەریکە مانگێک لە ساڵی نوێی زایینی تێدەپەڕێت، بەڵام بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی هەولێر نەکردووە. فەرمانبەرانی هەندێک وەزارەت سەرووی مانگ و نیوێکە و هەندێکی تریش کەمتر لە مانگ و نیوێکە مووچەیان وەرنەگرتووە و هێشتا دڵنیا نین کەی مووچەیان پێ دەدرێت.
جگە لەمە هێشتا فەرمانبەران نازانن ئەوەی قەرارە وەری بگرن هی مانگی دەی ساڵی ڕابردووە یان هی مانگی یەکەمی ئەمساڵ دەبێت و زانیارییەکانیش باس لەوە دەکەن کە لەم هەفتەیەدا ئەو بڕە پارەیە دەنێردرێت کە لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بڕیاری لەبارەوە دراوە و پاساوێک ئەوەیە پارەی فەرمانبەرانی عێراقیش ئەمساڵ لەبەر هەندێک حسابات و وردبینی دوا خراوە و بۆیە هی هەرێمیش دواخراوە.
پاساوێکی تری حکوومەتی عێراق لە دواخرانی ئەو بڕە پارەیە ئەوە بوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ڕەوانە نەکردووە و دواتر حکوومەت لیستەکەشی ڕەوانە کرد ئەم جارە هەندێک بیانووی تری خستە ڕوو کە مەبەست لێی هەر ئەوە بووە گوشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاتر ببن بەڵکو خەڵکی کوردستان لە دژی حکوومەتەکەیان هان بدەن.
دۆخی گوزەرانی خەڵکی کوردستان بەهۆی ئەم جۆرە سیاسەتانەی بەغدا خراپ بووە و خەڵک بێزارن لەو جۆرە سیاسەتانەی بەغدا و تا ئەم ساتە دانیان بە خۆیاندا گرتووە هەرچەندە دۆخی ژیان و بژێوییان سەخت بووە.
کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە لە ٢٥ی ئاداری ساڵی ڕابردوو بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس مافی فرۆشتنی نەوتی کوردستان بە حکوومەتی فیدراڵی درا و تورکیا بەهۆی ئەوەی کە نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەرێکی ئەوەوە هەناردە دەکرا سزا درا. دوای ئەو سزادانە تورکیا بە فەرمی هەناردەکەی ڕاگرت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کەوتە دانوستان و ڕازی بوو بەوەی نەوتەکەی لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆوە بفرۆشرێت بەو مەرجەی مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراو بن و کۆی ئەو ڕێککەوتنەش بە هەندێک گۆڕانکاری نەرێنی لە یاسای بودجەدا ڕەنگی دایەوە کە بۆ سێ ساڵ پەسند کرا.
دوای سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕازی بوو بەوەی بۆ سێ مانگ مانگانە حەوت سەد ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکات کە بە دواکەوتنەوە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کرا و ڕێککەوتنی ئەمساڵیش کە بڕەکەی شەش سەد و هەژدە ملیارە هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
پێشتر د.فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی درایی عێراق بۆ ئەم پرسە گوتبووی کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە یاسای بودجە خراپە و لەگەڵ ئەمەدا نیازی بەغداش بەرانبەر هەرێمی کوردستان خراپە و بۆیەش ئەو بە پێویستی دەزانێت ئەو بابەتە بە گوشارێکی سیاسی چارەسەر بکرێت ئەویش لە هەرێمی کوردستانەوە سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن ئەوە تێ بگەن کە ئەو ستەمەی بەغدا دەیکات تەنیا لە حکوومەت یان لایەنێک نییە بەڵکو لە تەواوی لایەنەکان و پێگەی هەرێمە و دەکرێ بەیەکەوە بە گوشارێکی سیاسی بەغدا ڕازی بکەن یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی تر جیا بکاتەوە.
بەداخەوە بەهۆی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی، لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە نەیانتوانیوە ئەو گوشارە بۆ سەر بەغدا دروست بکەن.
دوێنێ یەکشەمیش ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە بە شێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ڕێککەوتوون. چاوەڕوانییان ئەوەیە دانیشتنی دووەمی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بکرێت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بە جۆرێک ئەو لەمپەرانەی لە ماددەکانی یازدە تا چواردە هەن لاببرێن.
لەگەڵ ئەمەدا لەمپەرێکی تر پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە کە کێشە لە تێچووی دەرهێنانەکەی بووە و دوێنێ چەند سەرچاوەیەک لە بەغدا ئاشکرایان کرد کە ئەم ڕێککەوتنەش یەکلایی بووەتەوە و تێچووی خەرجییەکان بە سەرووی بیست دۆلار دیاری کراوە و ئەگەر ئەم بڕگەیەش لە هەمواری بودجەدا دەنگی پێ بدرێ ئەوا دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی دەکاتەوە و دەست بە هەناردەی نەوتی کوردستان دەکرێت و گوشارەکانی بەغداش بۆ سەر هەرێم کەمتر دەبنەوە.

ھەواڵی زیاتر