کۆبوونەوەی تایبەت بەراییکردنی کاروباره‌ گشتییه‌كان و خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان بەرێوە چوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 28-1-2024 ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە رێ و شوێنەکانی راییکردنی پرۆژه‌و کاروباره‌كان شاری هه‌ولێرو ده‌ورووبه‌ری و خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان کرد…
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و قائیمقامەکان و بەرێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و بەرێوەبەی گشتی کشتوکاڵ و سەرۆکی شارەوانی هەولێرو و بەرێوەبەری ناحییەکان و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان لە دیوانی پارێزگا بەرێوەچوو ..
له‌ باره‌ی ناوەرۆکی كۆبوونه‌وه‌كه‌، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ کۆمەلێک پرسی تایبەت بە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان” پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر ئەولەویەت دان بە رایی کردنی کاروبارەکانی هاوڵاتیان کردەوەو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد کە پێویستە خزمه‌تی زیاتر پێشكه‌ش به‌ گه‌ره‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كان به‌ گشتی بكرێ و کێشەکانی رۆتین ساغ بکرێنەوە و رێنماییان بۆ خزمه‌تكردنی زیاتر بگونجێنرێ …
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند بۆ ئێستاو ئایندە پێویستە کاربکرێ بۆ ئەوەی هه‌رچی له‌توانادا بێ پێشکەشی دانیشتوان بکرێ، بە جۆرێک شوێن پەنجەی هەموولایەک لەکارەکاندا دیاربێت.
پارێزگاری هەولێر دووپاتیکردەوە کە زۆر گرنگە خزمەتی هاوڵاتییانی بکەین بەبێ جیاوازی و هەموو هەوڵێکیش بخەینە گەڕ بۆ ڕێزگرتن لە داواکارییەکانیان و کەمکردنەوەی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێنه‌ به‌رده‌م پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه گشتییه‌كانه‌وه‌و كه‌مته‌رخه‌می لەڕاییکردنی کاروبارەکانیان نه‌هێڵرێت، چونکە دانیشتوانی هەولێر شایەنی باشترین خزمەتن، بۆیە پێویستە لە دوای ئەم کۆبوونەوەیە پێشوازی زیاتر لە داخوازی دانیشتوان بکرێ…
لە لایەن ئامادەبووانەوە ئەو کێشەو گرفتانە خرانە روو کە لە کاتی کاروبارەکان دێنە پێش و بیرو را لەسەر گونجاوترین ئالیەتی دەرچە یاساییەکان ئاڵوگۆڕکرا .