سامان بەرزنجی: رێککەوتننامەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ ئاژانسی کۆیکای کۆریای باشوور له‌باره‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ واژۆ کرد

 

سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئاژانسی كۆیكای وڵاتی كۆریای باشوور رایگه‌یاند، شاندێكی ئاژانسی ناوبراو سه‌رقاڵی تاووتوێكردنی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان. گوتیشی: “رێککەوتننامەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ ئاژانسی کۆیکای کۆریای باشوور واژۆ کرد،‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری و زوو ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها وه‌زیری ته‌ندروستی گوتیشی: “شاندی ناوبراو له‌سه‌ر داواكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌ رووپێوییه‌كانی كردووه‌، بۆ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ و دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری شاره‌كان و رێككه‌وتنێكیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ شاندی كۆریا واژۆ كردووه‌”.

وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌روه‌ها گوتی: “نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان جیهانی پێشكه‌وتووی به‌خۆی سه‌رقاڵ كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كان”.

ده‌شڵێت: “كۆریای باشوور و ئاژانسی كۆیكا هه‌میشه‌ له‌ چه‌ندین بوار و بۆنه‌ی جیادا رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی و ده‌رمان، كه‌ زۆر سوودی هه‌بووه‌ له‌كاتی رووداوه‌كاندا”.

باسی له‌وه‌شكرد، له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا ئاژانسی كۆیكا و كۆریای باشوور رۆڵی كاریگه‌رییان هه‌بووه‌، له‌ دابینكردنی ئه‌مبۆڵانس و كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ی پزیشكی.