محەممەد شوکری: نوێنەرایەتییەکان رۆڵێکی باشییان هەبووە لە هێنانی وەبەرهێنەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان

سەرۆکی  دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرنگی ئەم کۆنفڕانسە لەوەدایە کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە رۆڵی خۆیان دەگێڕن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی  دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، گرنگی ئەم کۆنفڕانسە لەوەدایە کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە رۆڵی خۆی دەبینێت، بێگومان لە رابردوودا پەیوەندییەکانی دەرەوە رۆڵێکی باشی هەبووە، لە ناساندنی هەرێمی کوردستان و هێنانی وەبەرهێنەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان، لە پشتیوانی کردن دۆخی ئابووری کوردستان بەگشتی، کەم و کورتیش هەبووە ئێمە لەم کۆنفڕانسە بە پانێلێکی تایبەت بەشداری دەکەین لەرووی ئابوورییەوە، داوامان کردووە نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێن، لەو ولاتانەی کە بەنیازن کاری وەبەرهێنانمان لەگەڵدا بکەن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “پێویستە خاڵێکی پەیوەندی لەنێوان دەستەی وەبەرهێنان و ئەو نوێنەرایەتییانە بەردەوام دروست بکرێت، لە ناساندنی هەرێمی کوردستان بەجیهان هەوڵی زیاتر بدەن، هەمیش لە رێکخستنی کۆڕ و کۆنفڕانس هاتنی وەبەرهێنەر و بازرگانان بۆ هەرێمی کوردستان و چوونی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتانە رۆڵێکی کاریگەرتر ببینن لەوەی کە ئێستا هەیە”.

د. محەممەد شوکری گوتیشی: “پێویستە نوێنەرەکان تەنیا لە رووی سیاسییەوە نوێنەرایەتی نەکەن، بەڵکو لەرووی ئابووریشەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە ناساندنی هەرێمی کوردستان، لە پاڵپشتی ئابووری کە  دەتوانن کاریگەربن، تاکو کۆمپانیا بیانییەکانیش جۆرە متمانەیەک لای ئەو وەبەرهێنەرانە دروست بکەن کە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەوان دەکات، ئێمەش لای خۆمانەوە ئاسانکاری بۆ بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکان بکەین”.

راشیگەیاند: “ئێمە پێمان وایە کە گرنگە تورکیا نوێنەرایەتییەکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەبێت، لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، تاکو بتوانرێت کاری ئابوورییان لەگەڵ بکرێت لە رووی وەبەرهێنان و بازرگانییەوە، کاریگەرییان  لە هەرێمی کوردستان زۆر دەبێت، چونکە لە ئێمەوە نزیکترن دەتوانن کار لەگەڵ ئێمە بکەن لەرووی وەبەرهێنان و بازرگانییەوە.