ئومێد سەباح: لەسەر نووسینەوەی دەقەکانی پرۆژە یاسای بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتووین

ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لەسەر نووسینەوەی پرۆژە یاسای بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتووینەتە رێککەوتن. وتیشی؛ لە وەزارەتی دارایی عێراق چاودێری بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە پەراوێزی سێیەمین کـــۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وتی؛ دانووستانەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامە و لەو لیژنە هاوبەشەی پێکهێنرابوو کارەکانمان گەیاندووەتە ئەنجام و ئەوەی ماوەتەوە نووسینەوەی دەقەکانی پرۆژە یاسای بودجەیە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە و چاوەڕوان دەکەین لایەنی عێراقی ئامادەی دەستپێکردنی هەنگاوی نووسینەوەی پرۆژە یاساکە بن.

سەبارەت وادەی گەشتینی 618 ملیارە دینارەکە و خەرجکردنی مووچە، ئومێد سەباح وتی: لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری خەرجکردنەکە دەرچووە و رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی هەرچی زووە مووچەکە بگات و دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

رۆژی یەکشەممە (18ی کانوونی دووەمی 2024)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی کۆبویەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەنێویاندا پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆکرا و بڕیار درا، بەگوێرەی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 و لە سەر بنەمای خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024  بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.