سامانە سرووشتییەکان: به‌رهه‌مهێنانی غاز بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

وەزارەتی سامانە سرووشتیییەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌ و ته‌نیا زیانی ماددی هه‌بووه‌، لەگەڵ ئاسایبوونەوەی دۆخەكە بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا دەستپێدەكاتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باسی له‌وه‌كردووه‌، تیمەكانی وەزارەت‌ و كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر سەرقاڵی چارەسەركردنی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازن، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی هێرشێكی درۆنی بۆ سەر كێڵگەكە، ئاگر كەوتەوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ لە كاتژمێر 10ـی دوێنێ شەوەوە هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی 2800 میگاوات کارەبا راگیراوە و زیانی گەورەی بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان گەیاندووە.

شه‌وی (25ـی کانوونی دووەمی 2024) لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و کۆگایەکی هەڵگرتنی شلەمەنی کرایە ئامانج و بەمهۆیەوە ئاگر لە کۆگاکە بەربوو.

ەلایەکی دیکەوە ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 26ـی كانوونی دووه‌می 2023) كۆمپانیای دانه‌غاز له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، شه‌وی رابردوو 25ـی كانوونی دووه‌م، كۆگایه‌كی هه‌ڵگرتنی شله‌مه‌نی له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ درۆن هێرشی كراوه‌ته‌ سه‌ر.

كۆمپانیای دانه‌غاز هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، به‌رهه‌مهێنان له‌ كێڵگه‌كه‌ به‌شێوه‌ی كاتی راگیراوه‌. روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئاگر له‌ كۆگاكه‌ به‌ربووبوو دواتر تیمه‌كانیان كوژاندوویانه‌ته‌وه‌. جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌، هیچ كه‌سێك به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌ درۆنییه‌وه‌ زیانی به‌ر نه‌كه‌وتووه‌.

ئه‌و كۆمپانیایه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كارمه‌ندانیان هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زوویی ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان بكه‌نه‌وه‌.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات