خۆپیشاندانی خەڵکی کەلار لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر دەستیپێکرد

خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی شاری کەلار لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتییانی شاری کەلار بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەستیپێکرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهیدبوون و ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

بەشداربوویەکی خۆپیشاندانەکە ڕایگەیاند: مەبەست لەم گردبوونەوە مەدەنیانەی گەرمیان ئیدانەکردنی توندی هێرشەکانی ئێرانە بۆ سەر هەولێری جوان و ئاوەدان. مەبەستی ئێران تەنها تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە. ئێران ئەیەوێت هەرێمی کوردستان وەکو سووریا و یەمەن و تونس و بەغدا بکەوێتە ژێر رکێفی خۆی، بۆیە کوردستان مردن هەڵەبژێرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ژێر رکێفی ئێرانەوە”.

هاوکات شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، “ئێمە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەیاننامەی تایبەتمان لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر هەبووە. ئەمە چەندین جارە ئێران پێشێلی سەروەریی عێراق دەکات”.

ئەو پەرلەمانتارە گوتی، “ئێمە وەکو خەڵکی گەرمیان لێرە کۆبووینەتەوە، ئیدانەی ئەو دەستدرێژیەی ئێران دەکەین. ئەو بیانووانەی کە هەولێری کردووەتە ئامانج هەموو دوورە لە راستییەوە، چونکە لیژنەی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی ئەمنی عێراق ئەوەیان پشتراستکردەوە کە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی بوونی نەبووە”.

ئەمە لە کاتێکدایە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتی و چین و توێژەکانی قەزای شێخان و دوروبەریشی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد. لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە بەڕێوەچوو.

هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە ئەوەی خستەڕوو، “هەموو جیهان دەزانێت ئەو بەڵگانەی ئێران بڵاویکردوونەتەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دروستکراون و نرخێکیان نییە. ئەو هێرشە مووشەکییەی هەولێری کردە ئامانج هیچ پاساوێک هەڵناگرێت”.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا رایگەیاند، “ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە”. گوتیشی، “ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت”.