ئێران هەژموونی خۆی بەسەر بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی عێراقدا سەپاندووە

پەیامنێری هەولێر

سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ھێرش و کوشتنی بە ئامانجکراویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە. شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن: ئێران چاوی بە پێکەوە ژیان و ئاوەدانی کوردستان ھەڵنایێت بۆیە، بەردەوام ھێرش دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەوەی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا دێت لاوازی حکوومەتی عێراقە، ئێران توانیویەتی ھەژموونی خۆی بەسەر بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی عێراق بسەپێنێت، ھەرێمی کوردستانیش تا ئێستە نەچووەتە ژێر ھەژموونی ئێران، بۆیە ھەمیشە ھەوڵی فشار خستنەسەری دەدات.

درەنگانی شەوی دووشەممە ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی ھێرشی کردە سەر شاری ھەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار ھاووڵاتی سڤیل شەھید بوون و شەش ھاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی ھاووڵاتییانی ھەولێر و دەوروبەری کەوت، بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕەت دەکەنەوە کە شوێنی بە ئامانج گیراو پێگەی سیخوڕی کردن بووبێت.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە ھێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ھەولێر کرد و بەبێ پاساو و نامەردانە ناوبرد.
دڵشاد سامی، شرۆڤەکاری سیاسی، گوتی: لە دوایین ھێرشدا تەنیا ھاووڵاتییانی سڤیل کراونەتە ئامانج، نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی بۆ شەھیدکردنی ھاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن ئێرانەوە، دەبێتە ھۆی ئەوەی لە داھاتوودا ھێرشی نایاسایی زیاتر بکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی دەرەکی لەسەر حیسابی ژیانی ھاووڵاتییانی مەدەنی و سەقامگیریی وڵات، ڕاستە لە وەڵامی ھێرشەکەدا، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکە پێکھێنا و بەڵێنیدا ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی جیھان ئاشکرا بکات، بەڵام ئەوەی بەسەر ھەرێمی کوردستان دێت لاوازیی حکوومەتی عێراقە.
زوبێر فەھمی، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: ئێران چاوی بە کوردستان ھەڵنایێت، چونکە دەبینن کوردستان ھەر ئاوەدان دەبێت، ھەموو ئایین و نەتەوەکان بە ئارامی تێیدا دەژین، ئەوەی جێگەی داخە ھەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق ھەن تا ئێستە قسەیان لەسەر ئەو ھێرشە نەکردووە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ھەستپێکراوی ئەوەیە ناکۆکییەکان باڵیان کێشاوەتە سەر پرۆسەی سیاسی عێراق و ڕەنگی داوەتەوە لەسەر ژیانی ھاووڵاتییانی عێراق و ھەروەھا دەوڵەتی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، ئەمە لە کاتێکدایە دەستدرێژی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق، ھەروەھا قاسم ئەعرەجیش جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کارە قێزەوەنە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان یەک ھەڵوێست بن و بڵێن دژی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقین.
مستەفا شەفیق، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ ھیچ کاتێک نەبووەتە مەترسی، ھەمیشە دەستەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان داوای پێکەوەژیان و ئاسایشی دراوسێکانیان کردووە، ئەوەی جێگەی داخە لە دوای شەڕی غەززە ئێران تووشی تەنگەژەی زۆر گەورە بووە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، لەبارەی ھەبوونی بنکەی مۆساد لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر بنکەی مۆساد لە ھەرێم ھەبێت، ئێران دەتوانێت بە فەرمی لە ڕێگەی نوێنەرە دیپلۆماسییەکانییەوە داوا لە حکوومەتی عێراق بکات کە پێویستە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر، ھیچ وڵاتێک بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی مافی ئەوەی نییە خۆی لە کاروباری وڵاتی دیکەوە تێوەبگلێنێت، ئەوەش بە ھەموو شێوەیەک ڕەتکراوەیە لە یاسای نێودەوڵەتی.
مستەفا شەفیق، باسی لەوەشکرد، ئێران بەردەوام دەیەوێت لەسەر ھەرێمی کوردستان جۆرێک فشار دروست بکات، ئێران توانیویەتی ھەژموونی خۆی بەسەر بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی عێراق بسەپێنێت، ھەرێمی کوردستانیش تا ئێستە نەچووەتە ژێر ھەژموونی ئێران، بۆیە ئێران ھەمیشە ھەوڵی فشار خستنەسەری دەدات.
سەبارەت بە ھەڵویستی حکوومەتی عێراق لەسەر ھێرشکردنە سەر ھەولێر، مستەفا شەفیق، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، حکوومەتی عێراق دوای ھێرش بۆ سەر ھەولێر ڕاستەوخۆ ھاتە سەر ھێڵ و سکاڵای بەرز کردووە بۆ ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەش ھەنگاوێکی باش بوو پێوستە پشتیوانی لێبکرێت.
کارزان محەممەد، چالاکوانی سیاسی، گوتی: ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ناوچەیەکی ئارام بووە و مەترسی نەبووە بۆ ھیچ وڵاتێک، ئەگەر ئەوان مەبەستیان ئیسرائیلە شوێنی ئەوان دیارە، بۆیە داوا لە ھەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان دەکەم پێکەوە یەکدەنگ بن و بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن چیتر ھێرش بکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەرکی ھەموومانە بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆمان بکەین لە بچووکەوە تا گەورە.
ئەو چالاکوانە، ئاشکراشی کرد: ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە ھەرێمی کوردستان دەکرێن پێویستە بەردەوام بن و دەنگ ھەڵبڕین تاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەر خەت و ھەڵوێستی جیددی دەبێت و چیتر ڕێگە نەدەن لە ھەرێمی کوردستان بۆردوومانی خەڵکی سڤیل بکەن، لە ھەمانکاتیشدا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەو ھێرشانەی ئێران بۆ سەر ھەولێر کردوونی ھێرشی دوژمنکارانەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکدار دەکات بۆ ئەوەی کاردانەوەی توندی بەرامبەریان ھەبێت.

ھەواڵی زیاتر