عارف ڕوشدی بیرەوەرییەکانی خۆی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2024 لە ھوڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسانی دیکەی حزبی و حکومی و ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و كەسایەتی و، ڕۆشنبیر و، ڕۆژنامەنووس و ئەكادیمیست و و چین و توێژە جیاجیاكان، ئێوارە مەراسیمێك بۆ ناساندن و شرۆڤەی كتێبی (عارف ڕوشدی) بەناونیشانی (ڕۆژانی خەبات) سازكرا.

دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاكی شەھیدان سەروەریان بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد, لە وتەیەکدا د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، باسی لە گرنگی چاپکردنی ئەم کتێبە کرد دواتر, فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی ڕۆل و خەباتی (عارف ڕوشدی) كرد و تیشكی خستە سەر گرنگی كتێبی (ڕۆژانی خەبات).

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە چەند پارچە موزیک و ستران بەناوی (لاواندنەوەیەک بۆ هەولێر) لەلایەن هونەرمەند هۆشیار كەریم پێشكەشكرا.

دواتر هەریەک لە (ئازاد جوندیانی دکتۆرە ڤیان سلێمان و سەلام عەبدوللا) باسیان لە خەبات و کتێبی (عارف ڕوشدی و ڕۆژانی خەبات)ـیان کرد.

لە کوتاییدا عارف ڕوشدی، نووسەری کتێبەکە شروڤەی ناوەڕۆکی کتیبەکە کرد و تیشکی خستە سەر چەند ڕووداوێکی گرنگی ناو کتێبی (ڕۆژانی خەبات).

مه‌راسیمەکە بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵ و ئیمزاکردنی کتێبەکە کوتایی هات.