ئیڤێنتی “وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون” لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

 

بە مەبەستی گرنگیدان بە سێکتەری وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون، هاوکات لەژێر ناونیشانی “هەڕەشەکان ناتوانن ئاوەدانی هەولێر بوەستێنن”، کۆمپانیای رامی هۆڵدینگ هەڵدەستێت بە سازدانی ئیڤێنتێک، کە تیایدا چالاکی گرنگ پیشانی ئامادەبووان دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە (23ـی کانوونی دووەمی 2024) بە ئامادەبوونی محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و خاوەنی کۆمپانیاکانی عەقارات، لە هەولێر ئیڤێنتی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەڕێوەدەچێت.

ئیڤێنتەکە لەلایەن گرووپی کۆمپانیا رامی هۆڵدینگەوە بەڕێوەدەبرێت، کە وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، “سێکتەری وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون یەکێك لە گرنگترین پایە و کۆڵەکە گرنگەکانی ئابووری و نیشاندەری پێشکەوتنەکانی کوردستانە”.

هاوکات لە ئیڤێنتەدا کۆمپانیاکە ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بۆ دیاری داناوە و پێشکەش بەو کەسانەی دەکات کە ناویان لە تیروپشک دەردەچێت.

گرووپی کۆمپانیای رامی هۆڵدینگ، ئاماژە بەوەدەکات، مەبەستی لە سازدانی ئەم ئیڤێنتە لەم کاتەدا نیشاندەری ئەمنییەت و ئارامی شاری هەولێرە، هەروەها بە ئامانجی دروستکردنی جوڵەیەکی باشتر و چاکتر لە بازاڕدا. جەخت لەوەش دەکەنەوە، “هێرش و هەڕەشەکان ناتوانن ئاوەدانی هەولێر بوەستێنن”.