بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانان: ئیرادەیەکی بەهێز لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرامبەر بە پرۆسەی چاکسازی هەیە

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی تیمی باڵای راوێژکارانی هاوپەیمانان و بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی کونسوڵخانەی ئەمەریکا و راوێژکارانی باڵای وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبووەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23 کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی پیشمەرگە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای راوێژکارانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکڵ گاچێرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی کونسوڵخانەی ئەمەریکا و راوێژکارانی باڵای وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها خۆئامادەکردن بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی جێبەجێکردنی یاداشتنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا تاوتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، “ئامانجمان سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەم پێناوەشدا بەردەوامین و هەنگاوەکانمان خێراتر کردووە بە مەبەستی بنیادنانی هێزێكی تۆکمەی سەربازیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هەروەها وەزیری پێشمەرگە، رۆڵی باڵای دیپلۆماتکاران و راوێژکارانی سەربازیی و سیاسی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمەریکای بەرزنرخاند لەبەرامبەر هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەنەڕاڵ مەکێنزی، بەرپرسی تیمی باڵای راوێژکارانی هاوپەیمانان، بە گرنگیەوە باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، لە پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی خاڵەکانی کارنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیرادەیەکی بەهێز هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرامبەر پرۆسەی چاکسازی، لەم پێناوەشدا ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80، و پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە.

گوتیشی: پێکەوە کاری هاوبەش و پلانی گرنگ و ستراتیژی دادەڕێژین و دڵنیاین پرۆسەی چاکسازی ئەنجامی گەورە و  گرنگی دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دەربارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی کارنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گفتوگۆی ورد و پڕبایەخی لەبارەوە کرا.