سەرۆکایەتیی هەرێم وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ھەولێری ھەڵبژاردنەکان، دەڵێت: لەبەر سێ ھۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرا. دەشڵێ: پێویستە لایەنە سیاسییەکان ھەوڵ بدەن ئەو بۆشاییە دەستوورییەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە نەمێنێت، بۆ ئەوەش پێویستە ھەرچی زووە ھەڵبژاردن بکرێت، کە ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کۆتایی مانگی پێنج ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ‘

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێککەوتن لەسەر وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە کە لە نێوان ١٩ تاوەکو ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٤ ڕۆژێک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکەن، چونکە مانگی حەوت وادەی کۆمیسیۆن تەواو دەبێت.
ڕۆژی سێشەممە ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ شاندی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش، دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەرسومێکی ھەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.
ڕۆژی ١٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەسەر کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە ھەماھەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی ڕۆژێکی گونجاو بۆ کردنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئەمەش دوای ئەوە ھات کە ڕۆژی ٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە ڕۆژی ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ـەیە، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات، ھۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئامادەکارییەکان.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ـی بۆ کردنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو، بەڵام دواتر بەھۆی تۆمارکردنی دوو سکاڵا لە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ ھەڵبژاردنەکە ڕاگرت.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە گواستنەوەی بڕی (٤٣,٧٦٩,١٤٩,٠٠٠) دینار لە چوارچێوەی بودجەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و گواستنەوەی بڕی (٢٥,٤٦٠,٨٥١,٠٠٠) دینار لە یەدەگی فریاگوزاری لە چوارچێوەی بودجەی تەرخانکراوی ھەرێمی کوردستان بۆ سەر بودجەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە مەبەستی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ڕۆژی ٢١ـی ئەم مانگە دادگەی فیدراڵی بۆ جاری ھەشتەم بڕیاردانی لەبارەی ئەو دوو سکاڵایە دواخست بۆ ڕۆژی ٤ی مانگی داھاتوو، کە لە لایەن ھەندێک کەس و لایەن سکاڵا تۆمارکراوە و سکاڵاکانیش لەسەر ماددەکانی ١، ٩، ١٥، ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی ھەردوو پێکھاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەی کورسی کۆتای پێکھاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی ھەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
ھەڵبژاردن مافێکی سەرەتایی ھاووڵاتییانە و پایەیەکی سەرەکیی پرۆسەی دیموکراسییە، ھەموو ھەوڵەکانی ڕابردوو و ئێستەی پارتی بەتایبەت لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ حیزب و لایەنەکان بۆ ئەوە بووە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەتایبەت لە وادەی خۆیدا بۆ ئەوەی ڕێڕەوی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بەردەوام بێت، پارتی لە ھەموو کۆبوونەوەکانیدا جەختیکردووەتەوە، ھەڵبژاردن مافی ھاووڵاتییانە و نە پارتی و نە ھیچ لایەنێکی دیکە بۆی نییە ئەو مافە لە ھاووڵاتییان زەوت بکات، بۆیە ناکرێت ھیچ کێشە و گرفتێکی دیکە تێکەڵ بە بابەتی ھەڵبژاردن بکرێت، لەبەرئەوەی مافی خەڵکە.بەرپرسانی پارتی دەڵێن، ئێمە وەکو پارتی ھەموو کاتێک پێش ھەموو کەس و لایەنێک ئامادەبووینە بۆ ھەڵبژاردن و پێداگری دەکەین ھەرچی زووە ھەڵبژاردن بکرێت.
بەگوتەی شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و دوو جاریش ئەرکی خۆی بەجێ گەیاندووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، جێگەی داخە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم باسی کردنی ھەڵبژاردن دەکەن، بەڵام ھەندێک لایەن پڕۆژەیان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی یاسای ھەڵبژاردن بگۆڕن و ئامادە نەبوون بگەنە ڕێککەوتن و دواتر پەنایان بردە بەر دادگە، ئەگەر نا، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە و پێشتریش داوای کرد پڕۆژەیەک پێشکەش بکرێت و ھەڵبژاردن دوانەخرێت و لە کاتی خۆیدا بکرێت.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ھەولێری ھەڵبژاردنەکان، دەڵێت: بیانوی کۆمیسیۆن بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن بەگوێرەی ئەو نووسراوەی کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ھەرێم کراوە ئەوەیە بودجە لەبەر دەست نەبووە، ئەوە یەکێک لە ھۆکانە، بەڵام ھۆیەکی دیکە تەکنیکییە، ئەوان ئامادەکاریان نەکردبوو و خەریکی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بوون، جگە لەوەش ھۆی سیاسی ھەبوو، ھۆ سیاسییەکەش ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی ئیرادەیەک ھەیە دەیەوێت ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ئیرادەیەکیش ھەیە دەیەوێت ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت و دوا بخرێت، بۆیە ئەو سێ بیانوە بوونە هۆی ئەوەی کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت و دوابخرێت.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێری ھەڵبژاردنەکان، گوتیشی: یەکێک لە ھۆکارەکانی درێژکردنەوی تەمەنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ئەوە بوو کە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، بۆیە کاتێک پەرلەمان تەمەنی کۆمیسیۆنی بۆ ٦ مانگ درێژ کردەوە باس لەوە دەکات دەبێت ھەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردن نەکات کۆمیسیۆن لێی بەرپرسیارە، بۆیە لە ھەموو حاڵەتێکدا کۆمیسیۆن پێش ئەوەی کاتەکەی تەواو بێت کە مانگی ٧ـە، دەبێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە بارودۆخە سیاسییەکەیە، ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە کۆتایی مانگی پێنج یان لە سەرەتای مانگی شەش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێری ھەڵبژاردنەکان، زیاتر دەڵێ: زۆر پێویستە لایەنە سیاسییەکان پێکەوە ھەوڵ بدەن ئەو بۆشاییە دەستوورییەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە نەمێنێت و دامەزراوەکان بگەڕێنەوە سەر ڕێچکەی یاسایی خۆیان، بۆیە پێویستە بەرژەوەندی حیزبی و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن و بەرژەوەندی گشتی لەسەرووی ھەموویانەوە دابنێن و ھەرچی زووە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.