سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: پڕۆژە یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئامادە دەکرێت. دەشڵێ: ئەگەر ڕێککەوتن ھەبێت، بە دە ڕۆژ پەسەند دەکرێت.
ڕۆژی شەممە ٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و خالید ھادی چاوشلی و محەممەد شاکر، ڕاوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، گەیشتنە بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی چارەی یەکجارەکی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، ھەمواری یاسای بودجە، تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەسەر مێزی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان یەکلابکرێنەوە.
یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی چوونی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چارەی بنەڕەتیی کێشەی مووچەی مووچەخۆران بوو لە ڕێگەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بەشێوەیەک کە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق لێبکرێت، لەم مانگەدا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، ئامانجەکە ئەوەیە ماددەی ١١ ھەموار بکرێتەوە، مووچەی فەرمانبەرانی لە “ئینفاقی فعلی” بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نۆسەد و سێزدە ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵام ھەموو ئەو بودجەیەی لە بەغداوە دێت شەش ترلیۆن و سێسەد ملیار دینارە، واتە مانگانە پێنج سەد ملیار دینار دەکات، بۆیە ئەگەر بەگوێرەی خەرجیی کرداریی بێت، لەبری شازدە ترلیۆن دینار، شەش ترلیۆن دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دێت، ئەوەش مانای وایە، پێنج ترلیۆن دینار کورتھێنان دروست دەبێت، کە دەکاتە مووچەی شەش مانگ، چونکە ھەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا یازدە ترلیۆن دیناری پێویستە.
وەزارەتی دارایی، مانگانە سێ سەد و بیست ملیار دینار داھات لە گومرگ، باج، کارەبا، ھاتووچۆ، بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە و داھاتەکانی ناوخۆ کۆدەکاتەوە، ئەو بڕە ھەمووی کاش نییە، بەڵکو بەشێکی بریتییە لە ئەمانەت و چەک و قەرز، واتە پوختەی کاش، داھاتی ناوخۆ سەد و حەفتا تا دوو سەد ملیار دینارە، بەشێکی دیکەی داھاتی ناوخۆ بۆ خەرجیی بەکارخستن دەڕوات.
وەزارەتی دارایی، دەڵێت: ئەگەر ١٠٠٪ داھاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین ھێشتا بە تەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەین، بۆیە ھەندێک مانگ ناچاربووین داھاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتھێنانەکە نزیکەی سێ سەد و چل ملیار دینار بووە.
لە ١٤ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریاریدا بە ناردنی شەش سەد و ھەژدە ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢٤ـەدا، ئەو بڕە پارەیە قەرز و سولفە نییە، بەڵکو ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە پشکی ھەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەی ٢٠٢٤.
ھاتنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی ھەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوو ڕۆژ لە بەغدا بوو و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و حیزبی چەندین کۆبوونەوەی کرد و پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی بوو.
پێشتریش لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دوو ترلیۆن و سەد ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران و بە سێ گوژمەی حەوت سەد ملیار دیناری ئەو پارەیەی نارد، کە بڕیارە لە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢٤ یەکلایی بکرێتەوە.
ڕێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: پڕۆژە یاسای ھەموارکردنی یاسای بودجە، بەگوێرەی دەستووریش کە لە ماددەی شەست و دوو باس کراوە دەبێت حکوومەت ئامادەی بکات و بنێرێت بۆ پەرلەمان.
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: حکوومەت بەجیددی کار لەسەر ئەوە دەکات پڕۆژەی ھەمواری یاساکە بنێرێت بۆ پەرلەمان، بەڵام ھەر ئەو بابەتە نییە کە پەیوەستە بە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا و بەشە بودجەی کوردستان، بەڵکو ھەندێک بابەتی دیکەش ھەن، بۆیە ھۆکاری دواکەوتنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: دوای گەیشتنی ھەمواری یاسای بودجە بۆ پەرلەمان گفتوگۆ لەنێو لیژنەکانی پەرلەمان دەکرێت و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر ڕێککەوتن ھەبێت دەتوانین لە ماوەی دە ڕۆژدا یاساکە ھەموار بکەینەوە.