کشتوکاڵی هەولێر: ئەمساڵ زیاتر لە 29 هەزار بارهەڵگر بەرهەمی جووتیاران هەناردە کردووە

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە 29 هەزار بارهەڵگر بەرهەمی جووتیارانی هەناردەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، راگەیاند، هۆکاری راگرتنی هاوردەی تەماتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کاتێک بەرهەمی ناوخۆمان پێدەگات لە کوردستان و دیاربوو حکومەتی عێراق سنوورەکانی کردبۆوە بۆ هاوردەکردنی تەماتەی دەرەکی، هەر بۆیە لەرێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی کرا کەوا سنوورەکان دابخرێن بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمەی کە ماوە لە هەرێمی کوردستان جووتیارانی ئێمە تووشی زەرەر نەبن.

ئەو دەڵێت: “وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەڕووی داواکەی ئێمەوە هاتن و سنوورەکانیان داخست، بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیارەکانی هەرێمی کوردستان بگاتە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و بۆ شارەکانی دیکەی عێراقیش رەوانە بکرێت، ئێمە ئەو هەنگاوەمان هەڵسەنگاند و ئەوانیش لەبری ئەوە داوایان کرد، بەرهەمێکی تەماتەی شارەکانی عێراق ئێجگار زۆر ماوەتەوە و هاوردەی هەرێمی  کوردستان بکرێت، ئێمەش رێگریمان نەکردوو سنوورەکانمان داخست و هاوردەکردنی تەماتەمان قەدەغەکرد، لەهەمانکاتدا هاوتەریبە لەگەڵ ئەو بەرنامەی کە هاووڵاتییان پێی هەستاون ئەویش هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای ئێرانی، رەنگە لەیەک کاتدابێت، بەڵام بەو ئامانجەش نەبێت.

ئاشکراشیکرد: “ئەمساڵ زیاتر لە 29 هەزار بارهەڵگر بەرهەمی جووتیارانی هەڵگرتووە و هەناردەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کراوە و بە بازاڕ کراون، ئەوە جگە لەوەی کە بەرهەمی پەتاتە، سێو، هەنار، هەنگوین، هەناردەی چەندین وڵاتی دیکە کراون و بە بازاڕکراون”.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی، ئەمساڵ بەرهەمی ناوخۆمان زۆر بووە، قەبارەی پێداویستی تەواو پڕکردووەتەوە، هەر بۆیە پێویستی دەکرد هەناردەی دەرەوە بکرێت، پێش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاتێک بەرهەمی جووتیارەکان پێدەگەشت نەیان دەزانی لەکوێ بە بازاڕی بکەن، بەڵام لە کابینەی نۆیەم چەند کارگەیەک بەکار کەوت و ئەوەش وایکرد بەرهەمی جووتیاران بکڕنەوە وەک کارگەی ئاو تەماتەی هەریر و چەند کارگەیەکی دیکەی نوێش دروستکران، ئەوە بووە هۆی ئەوەی بەرهەمەکان بکڕدرێنەوە و ئەو سیاستەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات بۆ رەخساندنی بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران، کە بووەتە هۆی ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەوان بڕەخسێت.