لە داڤۆس; سەرۆکی حکوومەت 45 دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان کرد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سێ ڕۆژدا و لە پەراوێزی پەنجا و چوارەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٥ دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان کرد، جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لە لوتکەی دیپلۆماسییەتدا لە کۆڕ و کۆڕبەندە جیهانییەکاندا دووپاتکردەوە. سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: سەرۆکی حکوومەت داوای کرد کۆمپانیا بیانییەکان بێن بۆ ھەرێمی کوردستان و کاری وەبەرھێنان بکەن، بۆ ئەو مەبەستە لە نێوان وەبەرھێنەر و خاوەنکارانی کوردستان و بیانی چەندین گرێبەستی گەورە ئیمزا کران.

کۆڕبەندی داڤۆس ٢٠٢٤ بە درووشمی”بنیاتنانەوەی متمانە” بە بەشداری سەد سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی زۆربەی دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ھەزار ھاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە جیهانییەکان، شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکان کرا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ١٥ی ئەم مانگە بە سەرۆکایەتی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، گەیشتە سویسرا، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی حکوومەت ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی ژمارەیەک وڵات کرد، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە داڤۆس گوتی: ئێمە بەو ئومێدە ھاتووین بۆ داڤۆس، بۆ ئەوەی بەڕێگەی کۆمپانیاکان و ئەو بەڕێزانەی کە بەشدارییان لە ماڵی کوردستان کردووە، بۆ یەکەمجارە کە بتوانین پەرە بە ئابووری کوردستان بدەین و پەیوەندییە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان فراوانتر بکەین، ئەو بەرنامەی کە دانرابوو بۆ ئەم چەند ڕۆژە بەوشێوەیە ڕێکخرابوو.
لە گرنگترین دیدارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس، لەگەڵ ھەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی ھەنگاریا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڤاھاگن خاچاتوریان، سەرۆککۆماری ئەرمەنستان، مارک ڕووتە، سەرۆکوەزیرانی ھۆڵەندا، ھان دوک سوو، سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور، نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بیشر ئەلخەساونە، سەرۆکوەزیرانی ئوردن، شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیران قەتەر و جاسم محەممەد ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاریی وڵاتانی کەنداو کۆبووەوە.
ھەروەھا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی داڤۆس، بەجیا لەگەڵ ھەریەکە لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، یان لیڤاسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک، ئیلینا ڤالتۆن، وەزیری دەرەوەی فینلەندا، گیر پیدرسن، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، عەیدەرۆس زوبەیدی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، بەندەر ئەلخورەیف، وەزیری پیشەسازی و سامانی کانزایی سعودیە، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە، وەزیری دارایی و ئابووریی نیشتمانی بەحرەین کۆبووەوە.
شارەزایانی بواری نێودەوڵەتی، دەڵێن: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە لە داڤۆس کردی دەرەنجامی باشیان دەبێت بۆ ئایندەی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، سەرۆکوەزیران بە توانا و زانیاری دیپلۆماسی خۆی توانی پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان بگەیەنێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمەش ھەنگاوێکی دیپلۆماسی گەورەیە و لە مێژووی سیاسی دیپلۆماسی بزاڤی ڕزگای کورد وێنەی نەبووە.
شوان کەریم زراری، ئەندامی شاندی ھەرێمی کوردستان و وەبەرھێنەر لە کۆڕبەندی داڤۆس، دەڵێت: کردنەوەی ماڵی کوردی بۆ یەکەم جار لە کۆنفرانسی داڤۆس زۆر گرنگ بوو و کۆمەڵێک وەبەرھێنەری ھەرێم کە ١٠ وەبەرھێنەر بوون بەشداربوون و وڵاتان ھەمووان ماڵیان ھەبوو و ھەرێمەکان تەنھا دوو تا سێ ھەرێم لەسەر ئاستی جیهان بەشداربوون، بۆیە ساڵانی داھاتوو بەشێوەیەکی کاراتر بەشداری دەکەین، چالاکی باشمان کرد، شەش پانێل لە بواری سیاسی و ئابووری کران و وڵاتان سەردانی ئێمەیان دەکرد، ئێمە سەردانی ماڵەکانی ئەوانمان دەکرد و ئەوانیش سەردانی ئێمەیان دەکرد، ئێمەش پڕوپۆزەلی وەبەرھێنانمان پێشکەشی ئەوان دەکرد بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان لەو سێکتەرانەی دیارکراون وەبەرھێنان بکەن، سەرۆکی حکوومەتیش لەڕووی سیاسی کاری زۆر باشی کرد.
ئەو ئەندامەی شاندی هەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی قەتەر سەردانی ماڵی کوردی کرد و لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان ڕێککەوتنیان کرد لە مانگی دوو بێن لە ھەرێمی کوردستان کۆنفرانسێک ببەستن، بڕیارە ھێڵێکی ئەنتەرنێت لە ئەوروپا لەڕێگەی تورکیا تا قەتەر ڕابکێشن و بەشێکی بەناو ھەرێمی کوردستاندا بڕوات، ئەمەش لەڕووی وەبەرھێنان و تەکنەلۆژیا و سیاسیش باشە بۆ ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیایەکی سعودیاش بەڵێنی داوە کار لەسەر ئەوە بکات لەڕێگەی ھێڵێکی ئاسمانی بەرهەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بگەیەنێتە بازاڕەکان، ھێڵەکە لە نێوان ھەولێر و ڕیاز دەبێت، ھەوڵ ھەیە بۆ ئەمساڵ کۆڕبەندی داڤۆس ساڵانە چەند کۆنفرانسێک لە وڵاتان بکات، کار دەکەین بۆ ئەوەی لە مانگی چواری ئەمساڵ یەکێک لە کۆنفرانسەکان لە ھەرێمی کوردستان ڕێکبخەین لەسەر کەشوھەوا و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، چاوەڕێ دەکرێت ٢٠ سەرۆکی پێشووی وڵاتان بەشداربن و وەکو دیبەیتێکی لێبێت.
د.محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، گوتی: بەشداری کردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس زۆر گرنگ بوو و چالاکییەکان لە بواری سیاسی و ئابووری زیاتر بوون، بەجۆرێک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لەو سەردانەدا چل و پێنج کۆبوونەوە و دیداری جیاجیای زۆر ئیجابی لەگەڵ سەرکردە و کەسایەتی باڵای بەشدار لە کۆنفرانسەکەدا کرد، لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا سەرۆکی حکوومەت داوای لە بەرپرس و کۆمپانیاکان کرد بێن لە کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، ھەمووان بەڵێنیان داوە و ڕەزامەندییان نیشانداوە بێن لە ھەرێمی کوردستان لە چەندین بواردا کاربکەن، وەکو کەرتی کشتوکاڵ، تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، بانک، ئەلکترۆنی، پیشەسازی و بوارەکانی دیکەش، ھەر بۆیە سەرۆکی حکوومەت لە ھەموو چاوپێکەوتنەکانیدا ئەوەی باس کردووە، ژینگەی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان زۆر لەبارە بێن وەبەرھێنانی تێدا بکەن.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ داڤۆس و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردە جیهانییەکان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سویسرا هاوکات بوو لەگەڵ ھێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری ھەولێر کە بووە ھۆی شەھیدبوونی چوار ھاووڵاتی مەدەنی و برینداربوونی شەش کەسی دیکە، ئەمەش بووە دەرفەتێک جارێکی دیکە وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشتیوانی و ھاوسۆزی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپاتبکەنەوە و ھاوخەمی خۆیان بە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بگەیەنن. سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەشڵێ: لەبارەی ھێرشەکەی سەر ھەولێر، وڵاتانی جیهان بە توندی ئیدانەی ئەو کارە ناڕەوایان کرد و لە ھەموو ڕووێکەوە پشتیوانی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
محەممەد شوکری، ئاشکراشی کرد: ماڵی کوردستان لە داڤۆس ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە ناساندنی زیاتری توانای ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و وەبەرھێنانەوە، وەبەرھێنەر و خاوەنکارانی کوردستان کە یاوەری شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوون لە داڤۆس، زیاتر لە ھەشتا دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەبەرھێنەر و خاوەنکارانی کوردستان و بیانی کرد و بەرھەمی زۆری ھەبووە و چەندین گرێبەستی گەورە ئیمزا کراون، کۆمپانیاکان بەڵێنیان داوە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی پەیوەندی دروست بکەن بۆ وەبەرھێنان.

ھەواڵی زیاتر