ئەمڕۆ 78 ساڵ بە سەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ کە هاوکات دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردییە حەفتا و هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت. ئەو کۆمارەی هەرچەندە تەمەنی کورت بوو و تەنانەت نەگەیشتە یەک ساڵ، بەڵام کاریگەریی ئەوەندە زۆر بوو کە بووە هەوێنی بەردەوامیدان بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦، کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا. کۆمارەکە یازدە مانگی خایاند و کۆمەڵیک دەستکەوت و شانازیی گەورەی بۆ مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد تۆمار کرد. کۆماری کوردستان لە کاتێکدا دامەزرا کە جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕی و شەڕی دووەمی جیهانی تازە کۆتایی پێهاتبوو. وڵاتە زلهێزەکانی جیهان کە لە جەنگەکەدا سەرکەوتبوون. لە سەرووی هەمووانەوە یەکێتیی سۆڤیەت و بەریتانیا ئەوەندەی چاویان لە دەستکەوتەکانی جەنگ بوو، بیریان لە گەلە ستەملێکراوەکان نەدەکردەوە.
یەکێتیی سۆڤییەت لەو سەردەمەدا بە یەکێک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی کۆماری کوردستان هەژمار دەکرا و تەنانەت یارمەتیی کۆماری کوردستانیشی دەدا، بەڵام دوای کشانەوەی لە باکوور و باکووری خۆرئاوای ئێران ئەو یارمەتییانەش لە کۆماری کوردستان بڕان و حکوومەتی پاشایەتیی ئێران دوای گرتنەوەی کۆماری ئازەربایجان کە پایتەختەکەی تەورێز بوو، هەر زوو مەهابادی پایتەختی کۆماری کوردستانیشی داگیر کرد.
ئەو سەردەمەی کۆماری دیمۆکراتیکی کوردستان دامەزرا سەرجەم حکوومەت و دەسەڵاتەکانی ناوچەکە خێڵەکی یان پاشایەتی بوون. لە ئێران ڕژێمی پاشایەتیی پەهلەوی حوکمڕانی دەکرد کە نەک هیچ مافێکی بە گەلی کورد بە ڕوا نەدەبینی بگرە بە توندی سەرکوتی دەکرد و دەیچەوساندەوە. ڕژێمی شا کەوتبووە سەرکوتکردنی گەلانی ئازادیخواز و لەسێدارەدانی لاوانی نیشتمانپەروەر و بە بیانووی جیاواز دەیویست نەتەوەی کورد بتوێنێتەوە و ڕێ لە دەربڕینی هەر جۆرە مافێکی نەتەوەیی گەلی کورد بگرێت.
رەزا شا کە دوو دەیە پێشتر بە کودەتایەکی سەربازی توانیبووی دەسەڵات بگرێتە دەست، لە ساڵی ١٩٢٣ لەژێر کاریگەری مۆدێلی ناسیۆنالیزمی تورکی هەوڵی سڕینەوەی سەرجەم ئەو بزووتنەوانەی دا کە نەتەوەکانی ناو ئێران هەڵیانگیرساندبوو و هەر لە سەرەتاوە پەلاماری شۆڕشە نەتەوەییەکانی کوردی دا و هەوڵی دا لەناویان ببات.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی کە یەکێتیی سۆڤییەت و بەریتانیا بەشەکانی باکوور و باشووری ئێرانیان داگیر کردبوو و هێزەکانیان لە قەزوین بە یەکتر گەیشتبوو، دەسەڵاتی تاران بە تەواوی لاواز بوو و بە تۆمەتی یارمەتیدانی نازییەکان، ڕەزاشا لە دەسەڵات دوور خرایەوە و کوڕەکەی واتە محەمەد ڕەزا شا لە جێگەی دانرا. لاوازیی تاران لە لایەک و کرانەوەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری لە ژێر کاریگەری ئەو دۆخە نوێیە هۆکار بوو لە کوردستان ڕێکخراو و حزبی نوێ و مۆدێرن دابمەزرێن.
کۆمەڵەی ژێکاف لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٢ ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و لەسەر بنەمای گەشەی هزری نەتەوەیی و بە ئامانجی بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دامەزرا. سێ ساڵ دواتر، کۆمەڵەکە لەسەر بنەمای ڕێکخراوێکی مۆدێرنتر لە ژێر ناوی حزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و قازی محەمەد بوو بە سکرتێری حزبەکە. چەند مانگێک دواتر لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ کۆماری کوردستان لە نێو ئاپۆڕای جەماوەر لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد ڕاگەیەنرا. پێشەوا قازی محەمەد کرایە سەرۆک کۆمار، پۆستی سەرۆک وەزیران بە حاجی بابەشێخ و وەزیری بەرگریش بە سەیفی قازی سپێردرا.
سیستەمی سیاسی لە کۆماری کوردستان بە پێچەوانەی زۆربەی ڕژێمەکانی ئەو سەردەمە سیستمێکی دیموکراسی بوو و لەگەڵ بەها مۆدێرنەکانی حوکمڕانی لەو سەردەمەدا یەکی دەگرتەوە. کۆماری کوردستان کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی لە بواری دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین بەدی هینا.
دامه‌زرانی کۆماری کوردستان به‌رهه‌می گه‌شه‌سه‌ندنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی له‌ کۆمه‌ڵی کورده‌واری و پێگه‌یشتوویی و تێگه‌یشتوویی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی نەتەوەی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو. بۆیەش کۆماری کوردستان له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا توانی له‌ ناوچه‌یه‌ک دا که‌ دانیشتووانەکەی بەدەستی دەسەڵاتدارانی پاشایەتی دەچەوسێندرانەوە، دەسەڵاتێکی دێموکراتیک دابمه‌زرێنێت.
مەلا مستەفای بارزانی لە باشووری کوردستان بە خۆی و هێزەکانییەوە یارمەتی سەرخستنی کۆماری کوردستانی دا و خۆیشی پلەی جەنەراڵیی وەرگرت و کۆمەڵێک شانازی و قارەمانێتی تۆمار کرد.
کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی کورتیدا دەستکەوتێکی زۆری هەبوو و توانی هه‌لومه‌رجێکی نوێ بۆ ژیانی سیاسی و کولتووریی و ئابووریی خۆی، بێنێتە کایەوە و چرای ڕێگای خەباتیش بۆ نەوەی داهاتوو پڕشنگدار بکات.
گەلی کورد لەو کاتەوە لە خەباتی بێ پسانەوەدایە و هەوڵ دەدات بە ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی بگات، بەڵام دووبەرەکیی ناوماڵی کورد لە لایەک و دڕندەیی و بێبەزەییی دوژمنانی کورد لە لایەکی تر، کاریگەریی خراپی لەسەر ئەو هەنگاوانە هەبووە.
نوێترین هێرش بۆ سەر گەلی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەولێر بووە بە بیانووی هەبوونی بنکەی ئیسرائیلی، هێرشەکە لە شەوی پازدە لەسەر شازدەی مانگی کانوونی دووەم ئەنجام درا و بچووکترین قوربانیی ڕووداوەکەش منداڵێک بوو کە تەمەنی هێندەی تەمەنی کۆماری کوردستان بوو. ئەو دوژمنکارییە هیچ سنوورێک ناناسێت و ئامانجەکەی لێدانە لە کورد و دەستکەوتەکانی کورد، جا ئەو دەستکەوتە کۆمارێک بێت، یان قەوارەیەکی سیاسیی، یان هەر تاکێک کە دەکرێ وەبەرهێنەرێک بێت یان هەژارێک، سیاسەتمەدارێک بێت یان کاسبکارێک، چەکدار بێ یان سڤیل. منداڵ بێت یان پیر و هەر کوردێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان، دوژمن بڕیاری داوە لەناوی ببات.
لە حەفتا و هەشت ساڵی ڕابردوودا خەباتی گەلی کورد بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێو و سەرکەوتن و نسکۆدا تێپەڕیوە بەڵام هەرگیز لە خەبات سارد نەبۆتەوە و ئەو تۆوەی قازی محەمەد بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان چاندی، بەرهەمەکانی تا ئێستا دەچنرێنەوە.
تاکە هێزی بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنانی کورد و گەیاندنی کورد بە ئاواتە لە مێژینەکانی، ئەوەیە کورد بە ئاگا بێتەوە و دۆست و دوژمنی خۆی بناسێت، لە ئامانجی دوژمنەکانی تێ بگات و بە یەکگرتوویی و هاودەنگیی هەموو هێز و تواناکانی خۆی بەگەڕ بخات و وێڕای وەستان بەرانبەر ئەو دەستدرێژی و هێرشانە و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان، بەرەو ئامانجەکانی هەنگاو بنێت.

ھەواڵی زیاتر