پارێزەرێكی باكوور: دەبێت لە هەموو شارە كوردییەكان پشتگیریی لە هەولێر بكەن، بێدەنگی كارەساتی تری بەدوا دێت

هێرشی مووشەكی ئێران بۆ سەر هەولێر، كە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی سڤیل، باكوورییەكانی نیگەران كردووە و بە توندی دژی ئەو كردەوە تیرۆرستییە وەستاونەتەوە و دەڵێن لەم كاتەدا دەبێت كورد یەكگرتوو بێت، تا بتوانن بەسەر دوژمنەكانیان زاڵ بن، هەروەها سەربەخۆیی كوردستان بە تاكە چارەسەر دەزانن بۆ رێگەگرتن لەو پەلامارە تیرۆرستیانە.

ئایدن دەرە، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، كە نیشتەجێی وڵاتی سویدە، پێیوایە ئەم پەلامارەی ئێران بۆ سەر هەولێر زۆر ترسنۆكانە بووە، ئەگەر كورد دەوڵەتی هەبایە ئەوانیش نەیاندەتوانی پەلاماری هەولێر بدەن.
دەرە، لە هەژماری هۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X)، بەنەتەوەیی بوونی پارتە سیاسییەكانی پێ كارێكی زۆر گرنگە، دەڵێت دەبێت پارتە سیاسییەكان نەتەوەییانە بیر بكەنەوە و یەكگرتوو بن، هەروەها پێیوایە نابێت پشت لە ئەمریكا بكرێت، دەبێت هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە بێت، ئەمریكا لە پشتگیرییەكانی كورد بەردەوام بێت، چونكە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، رەزامەندی ئەمریكا زۆر زۆر گرنگە.
لە درێژەی نووسینەكانیدا، داوا لە كوردانی تاراوگە دەكات، لەبەردەم بارەگای سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆ ببنەوە و ئیدانەی ئەو پەلامارەی سەر هەولێر بكەن و وێنەی ژینا پێشڕەو بەرز بكەنەوە، كە منداڵێكی یەك ساڵان بوو و لە پەلامارە مووشەكییەكەی ئێران، بۆ خۆی و پێشڕەوی باوكی شەهید بوو.
فەرهاد ئێنجو، پەرلەمانتاری پێشووی سەر بە هەدەپە، بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆرستییە دەكات و دەڵێت، ئاهی ئەو منداڵە یەك ساڵانەیە كە بەبێتاوان شەهید كراوە، رووخانی ئێوە پێش دەخات و زوو لەناوتان دەبات.
فەرهاد لە هەژماری خۆی لە (X)، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، رۆژێك دێت باجی ئەو كردەوە وەحشیانە بدەن، هەی داگیركارینە.
دەم پارتی، هەر چەند سەعاتێك دوای ئەو پەلامارە تیرۆرستییە، ئیدانەی كرد و بەتوندی دژی بكەرانی ئەو تاوانە هاتە وەڵام و داوای كرد، ئەم رووداوە بەئاسانی تێنەپەڕێت و گوتیان ئێمە بە دڵ لەگەڵ باشوورین، بەڵام ئەوەی بووەتە مایەی رەخنەلێگرتن و باكوورییەكان لەرێگەی سۆسیال میدیاوە قسەی لەسەر دەكەن، بێهەڵوێستی هودا پارە.
هودا پار، تاوەكوو ئێستا بە هیچ شێوەیەك قسەی لەسەر ئەو پەلامارەی هەولێر نەكردووە، تەنانەت ئیدانەشی نەكردووە، لە كاتێكدا ئەوان بەردەوام دەڵێن، ئیمە خزمەتی كورد دەكەین جا لە هەر شوێنێكی دونیا بن.
ئاژانسی (DW) توركی، پێیوایە ئێران بۆیە پەلاماری هەولێری داوە، تا بە رای گشتی وڵاتەكەی بڵێت، ئێران هێزێكی زیندووە و دەتوانێت كاریگەریی لەسەر ناوچەكە هەبێت. هەروەها دەیەوێت بە ئەمریكا بڵێت، ئەگەر هاوپەیمانەكانم كە حوسییەكانی یەمەن و حیزبوڵای لوبنانە، پەلامار بدەیت، ئێمەش بەو شێوەیە وەڵامتان دەدەینەوە، بۆیە پەلاماردانی هەولێر، هیچ هۆكارێكی تری لە پشت نییە، وەكوو ئەوەی خۆیان باسی دەكەن.
عەلی محەممەدئۆغڵو، پارێزەرێكی كوردە لە ئیستانبۆڵ، پێیوایە ئێران ئەگەر دەیەوێت لە ئیسرائیل بدات، یان لەو بازرگانانە بدات كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكەن، ئازەربێحان نزیكترین شوێنە لێی، ئەوێ پڕیەتی لە بازرگانی ئیسرائیلی، بەڵام بەوان ناوێرێت چونكە وڵاتن و سەروەری و چەكیان هەیە، كەچی پەلاماری هەولێر دەدات، كە هیچ پەیوەندییەكی بە ئیسرائیل و موسادەوە نییە، كە ئێران باسی دەكات.
عەلی، لە بەشێكی تری قەسەكانیدا دەڵێت: ”ئێستا هەولێر بریندارە، كاتی ئەوە نییە پارتە سیاسییەكان دژایەتی یەكتری بكەن، دەبێت بەهەموویانەوە بەرگری لە هەولێر بكەن، چونكە ئەگەر بێدەنگ بن و بڵێن مادام هەولێرە و سلێمانی یان ئامەد، یان سنە نییە، دڵنیا بن ئەو بێدەنگییە دەبێتە هۆی ئەوەی، رۆژێك ئەو شارانەش دەبنە ئامانج، بۆیە دەبێت بەهیچ شێوەیەك ئەو كردەوە تیرۆرستییەی ئێران بەرامبەر بە هەولێر كردی، بەئاسانی تێنەپەڕێت.“
سەعات 11:30ی شەوی دووشەممە 15ی 1ی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە 11 مووشەك هێرشی كردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەكانە بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمادیەداری كورد كەوتن. بۆردومانەكە، بووە هۆی شەهیدبوونی پێشڕەو و كچە یەك ساڵانەكەی و هاوڕێیەكی و خزمەتگوزارێكی ماڵەكە، هەروەها 15 كەسی تریش بۆیندار بوون.