ئومێد خۆشناو: دەرگاکانمان بۆ هەمووان کراوەیە هاوبەشیمان لەگەڵدا بکەن بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدانی زیاتر

ئەمڕۆ یەکشەممە(21ی کانوونی دووەمی 2024)، لە مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری گەشەپێدانی پەرستیاری و پزیشکی منداڵان لە هەولێر رایگەیاند: پەرستارەکان وەک فریشتەن بۆخزمەتی هاووڵاتیان.

لە چوارچێوەی مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا، سوپاسی حکومەتی ئەمریکای کرد لە دابینکردنی گوژمەی پێویست بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، هاوکات سوپاسی خاتوو ئێڤا و رێکخراوی رۆکار و LBC  کرد کە بوونە بەشێکی گرنگی دابینکردنی پشتیوانی بۆ پرۆژەکە کە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان، پارێزگاری هەولێر ئومێدی کرد  پرۆژەکە ببێتە بەشێکی گرنگ لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا دروستبووە.

ئەمێد خۆشناو سوپاسی نێردەی دیبلۆماسی و پسپۆرانی بوارە جیاوازەکان و ئەکادیمیست و مامۆستایانی زانکۆ، دکتۆر و پزیشکانی کرد کە لەگەڵیان بوون بۆ پرۆژەکە، لەگەڵ ئەوەش سوپاسی ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێری کرد بۆ بەشداری لە پرۆژەکە، بۆیە بەناوی پارێزگای هەولێر گوتی: دووپات  لە دۆستانمان دەکەینەوە لە نێردەی دیبلۆماسی و ئاژانس و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی کۆمەک بەخش و پشتیوان، بەشێک دەبین لەوەی لە سنووری پارێزگای هەولێر لە بە ئەنجامگەیاندنی ئەو جۆرە پرۆژانە و خستنە خزمەتی هاووڵاتیان، هەموو دەرگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر و دامەزراوەکانی و دەزگا خێرخوازیەکانمان کراوەن بۆتان بۆ ئەوەی بێن لەگەڵمان هاوبەشی بکەن، هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا لە بەئەنجام گەیاندنی ئەو جۆرە خزمەتگوزاریانە کە وڵاتی ئێمە پێویستی زۆری پێی هەیە، لەگەڵ گەشەسەندنەکانی کوردستان، ئەو سەنتەرانەش دەبنە بەشێکی گرنگ.

لەبارەی هێرشە بێپاساوەکانی سوپای پاسدارانی هەولێریش بۆ سەر هەولێر، ئومێد خۆشناو  هیوای خواست ئەو کارەساتەی بەسەرمیللەتی کوردستاندا هاتووە، دوایین کارەسات بێت، پێی وابوو سوکنایی دڵی ئەوان و خانەوادی شەهیدان  و خەڵکی شارەکە ئەو پشتیوانییە جەماوەرییەیە کە لە هەموو شارەکان لێیان دەکرێت، لە تاراوگە و نێردەی دیبلۆماسی، لەلایەن حکومەتی عێراقی و پەرلەمانتارانیان کە هەڵویستی جوامێرانەیان هەبووە جیا لە هەموو جارێکی دیکە، گوتی: هیوادارین لەو هەڵوێستانە بەردەوام بن بۆ سنوور دانان بۆ ئێران لەو پێشێلکاریانەی دەیکاتە سەر هەرێمی کوردستان

لەلایەکی دیکەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە هەمان رێورەسم رایگەیاند: ئەو سەنتەرە خزمەت بە تەندروستی گشتی هاووڵاتیان دەکات و تەندروستی گشتی دەکات کە بچێتە ئاستی بەرز.

گوتی: ئەو سەنتەرە جگەلە خزمەتی گشتی، خزمەتی کەرتی تایبەتیش دەکات، دەبێتە بنەمای هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە لە سەنتەرەکان و نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت، پەرستاران دەتوانن خزمەت بە نەخۆشان بکەن لە دام و دەزگاکانی تەندروستی.

وەزیری تەندروستی گوتی: ئەو سەنتەرە خزمەتی دایک و کۆرپە دەکات، پێشی وابوو بەشێکی گرنگی ریفۆرم کردن لە سیستەمی تەندروستیدا، بریتیە لە باشترکردنی سیستەمی پەرستاری،ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی گەورەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، سیستەمی پەرستارییە، گوتی: لە کێشە گەوەرەکانی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە پێویستی بە گەشەپێدان هەیە