لە 48 کاتژمێری داهاتوودا رێگای کاتی نوێی دەربەندی گومەسپان تەواو دەبێت و بۆ هاتوچۆ بەكار دێت

ئەو ڕێگایەی ئێستا هەیە، کە لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا بەهۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران و کۆبوونەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندی گۆمەسپان كەوتبووە ژێر ئاو، ئێستا ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە و هاتوچۆ تێیدا ئاسایی بۆتەوە و لە 48 کاتژمێری داهاتووشدا رێگایەکی تری نوێی دەربەندی گومەسپان تەواو دەبێت بۆ هاتوچۆکردنی هاوڵاتییان.

لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی دروستکردنی دەربەندی گۆمەسپان ئێستا ڕێیەگایەکی كاتی دروست دەكرێت، کە بڕیارە لە 48 کاتژمێری داهاتوو كارەكانی تەواو بێت و بۆ هاتوچۆ بەكاربێت، بڕیاریشە تا ساڵێكی تر ڕێگایەکی تری سەرەكی بە درێژایی 3 كیلۆمەتر لە ڕێی ئێستای بەنداوەكە و دوورتر دروستبكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگا كۆنەی کە ئێستا هەیە دەكەوێتە ژێر ئاو و چیتر هاتووچۆی لێناکرێت.

جێگەی باسە، بەنداوی گۆمەسپان گەورەترین بەنداوە لە سنووری پارێزگەی هەولێر و سێیەمینە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە دوای هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، لە ئێستادا لە 60 بۆ 65%ـی كارەكانی تەواو بووە، تێچووی پڕۆژەكە 95 ملیار دینارە و بەرزییەكەی 70 مەتر و درێژییەكەی 512 مەترە، توانای گلدانەوە و ئەمباركردنی 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بارانی هەیە و رووبەرەكەی شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر سێجایە، بە تەواوبوونی رۆڵێكی گرنگی لە پاراستنی سامانی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی دەبێت، دەشبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر و كەرتی گەشتیاریش لە هەرێم زیاتر دەبووژێنێتەوە.