کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسەند کرد

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەند کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەند کرد.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، سکاڵاکان هیچ گۆڕانکارییەکیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق نەکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، کۆمەڵە (وەجبە)ـی یەکەمی تانەکانی قەوارە و لایەنە سیاسییەکان لە دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن کرا.

رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند. بە گوێرەی ئەنجامەکان، لە بەغدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ لە بەسرا هاوپەیمانی تەسمیم؛ لە دیالە هاوپەیمانی دیالەتونا؛ لە سەڵاحەددین جەماهیری نیشتمانی و لە ئەنبار هاوپەیمانی تەقەدووم زۆترین ژمارەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

سەر لە بەیانیی رۆژی  شەممە، 16-12-2023، هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی دووشەممەش، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان دەستیپێکرد، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری کۆتایی بەشداریی دەنگدەران لە هەردوو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکان، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکە سەدا 41 بووە؛ زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک (سەدا 66) و کەمترینیشی لە پارێزگای بەغدا/ رەسافە (سەدا 21) بووە.