شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە گەیشتە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی

شاندێکی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، گەیشتە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی.

ئەمڕۆ 21ی کانوونی دووەمی 2024، شاندێکی پەرلەمانی عێراق لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتوون، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا، دواتر سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

شاندەکە پەرلەمانی عێراق، لەم سەردانەیاندا بۆ شوێنی مووشەکبارانەکە راپۆرتێک بە وردەکارییەوە لەسەر ئەو هێرشەی سوپای پاسداران بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر و زیانە گیانی و مادییەکانی دەنووسن.

لە 15-1-2024، سوپای پاسدارانی ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی شاری هەولێر، ماڵی پێشڕەو دزەیی بازرگان و کەسایەتی ناسراوی هەولێر کرایە ئامانج، بەهۆیەوە پشێرەو دزەیی و ژینای کچی و کەڕەم نەشەد میخائیل و ئافرەتێکی نیپاڵی شەهید بوون، شەش کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەو هێرشە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، زۆربەی وڵاتان ئیدانەی هێرشەکەیان کرد بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەولێر.

دوای رووداوەکە شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی برینداران و شوێنی مووشەکبارانەکەی کرد و راگەیاند، ئەو خانووەی مووشەکبارانکراوە ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە، نەک بنکەی مۆسادی ئیسرائیل.