مامۆستایانی ئایینی سەرکۆنەی هێرشەکەی پاسدارانیان کرد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر شاری ھەولێر کە تێدا چەندین ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و بریندار بوون ھەموو خاوەن ویژدانێکی ناوخۆیی و دەرەوەی ھێنایە دەنگ و کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا ھێنا، مامۆستایانی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ھێرشەکەی ئێران دەکەن و جەختیشی دەکەنەوە، ئەوەی مووشەک باران و کۆمەڵکوژی ئێران دەرحەق بە ھەرێمی کوردستان دەیکات تاوانی گەورەن و بەڕوونی بۆ جیھان ئاشکرا بووە کە پاساوەکانیان ھیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئێران دەیەوێت کورد ژێر دەستە بکات، بەڵام ھیچ ھێزێک ناتوانێت چۆک بە کورد دابدات. شەوی دوو شەممە، ١٥-١-٢٠٢٤، سوپای پاسدارانی ئێران بە یازدە مووشەک ھێرشی کردە سەر شاری ھەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن. بۆردوومانەکە گیان لەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو و ھاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، ھەروەھا شازدە کەسیش بەھۆی ھێرشەکەوە بریندار بوون. لە دوای ھێرشەکە، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەسەر ئەو ھێرشە پێکھێنا و ڕۆژی سێشەممە، لیژنەکە سەردانی ھەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون. قاسم ئەعرەجی دواتر ڕایگەیاند ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەپێچەوانەی بانگەشەکان، بارەگای مۆساد نەبووە. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، گوتی: گوتاری ھەینی لە زیاتر لە سێ ھەزار و پێنج سەد مزگەوتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بوو بە ھێرش و پەلامارەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ھەولێر، ھۆی ھەڵبژاردنی ئەو بابەتە بۆ ئەوە بوو ببێتە گوتاری ھەینی بەھۆی ئەوەی کە قوربانیی لێکەوتووەتەوە، ھێڕشێکی بێ پاساوە و دژی بنەماکانی ئایینی ئیسلام و ئایینەکانی دیکەیە، کارەساتێکی گەورەیە و دەبێت مامۆستایانی ئایینی لەسەری بوەستن و باسی بکەن. ھێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیدا ھێنا. د. بەشیر حەداد، گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات لە ھەولێر، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتاری ھەینی ڕایگەیاند، بەتوندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەین، کە ئێران ھێڕشی کردە سەر شاری ھەولێر و تاوانێکی گەورەیان ئەنجامدا بەرامبەر خێزانێکی سڤیل. گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات، گوتیشی: ئەگەر ئێران مەبەستێتی ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوە ڕێگەی ئیسرائیل بە ھەولێر تێناپەڕێت، فەرموون ڕووی مووشەکەکان لە ئیسرائیل بکەن نەک ھەولێر. د. بەشیر حەداد، ئاماژەی بەوەدا، شاندی ئەمنی حکوومەتی عێراقیش کاتێک سەردانی ماڵەکەیان کرد، لە لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ئەوە ماڵی ھاووڵاتی سڤیل بووە و بارەگای مۆساد نەبووە. گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات، گوتیشی: ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو ململانێیانەی کە لە ناوچەکە ھەیە، بۆ دەبێت باجەکەی بدات، ھەروەھا بە ئامانجگرتنی ھەولێر تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتییە. د.عەبدوڵخالق زێباری، گوتاربێژی نوێژی ھەینی لە ئاکرێ، دەڵێت: ئێران تەنیا دەتوانێت ھێرشی سەر لایەنی بێکێشەکان بکات و دۆخی ھەرێمی کوردستان بشوێنێت و ئەوەی دەیکات کارێکی بێویژدانانە و نا ئەخلاقییە. ئەو گوتاربێژە، دەشڵێ: ئێران ئامانجیەتی کورد ژێر دەستە بکات، بەڵام ھیچ ھێز و دەستەڵاتێک ناتوانێت چۆک بە کورددا بدات. د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە وتاری نوێژی ھەینی، گوتی: زیاتر لە چواردە جار خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز جەخت لە ڕێزگرتن لە دراوسێی دەکاتەوە و ئازاری نەدات، ئەی سزای ئەو کەسانە چی دەبێت کە بە مووشەک ئازاری دراوسێکەی خۆی بدات، دەبێت چ سزایەک بۆ کارەساتی ھێرشکردنە سەر ھەولێر لەلایەن خوای گەورەوە بۆ بکەرانی دانرابێت. سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دراوسێینە و تا ئێستە ئازاری ئەو دراوسێیەمان نەداوە، ھەموو باشییەکانی ئەوانمان لە یادە، چونکە میللەتی کورد، میللەتێکی بەوەفایە، بەڵام ناکرێت و نابێت بێ حورمەتی بکەن و خەڵک لەناو ماڵی خۆی شەھید بکەن و ژیانی خەڵک لەناو ماڵی خۆشی لێ تەنگ بکەن. سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: لەکام بەھای مرۆڤایەتی جێگەی ھێرشکردنە سەر دراوسێ دەبێتەوە، پاشان بوختان و قسەی ھەڵبەستراوی بکەیتە پاساوی ئەو کارە. د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، زیاتر دەڵێت: ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو ململانێیانەی کە لە ناوچەکە ھەیە و بۆ دەبێت ھەولێر باجەکە بدات، ئەگەر ئێران مەبەستێتی ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا ڕێگەی ئیسرائیل بە ھەولێردا تێناپەڕێت.

ھەواڵی زیاتر