ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی تاوتوێی پێنج سکاڵا لەسەر ھەرێمی کوردستان دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی گفتوگۆ لەسەر پێنج سکاڵا دەکات کە ھەموویان تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان، یەکێک لە سکاڵاکان لە دژی یاسای ھەڵبژاردن و سێیان تایبەتن بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەیان، پێنجەمیان لە دژی یاسای بنبڕکردنی تیرۆری ھەرێمی کوردستانە.

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ دادگە دانیشتنێکی دیکە لەبارەی ئەو سکاڵایەوە دەکات کە لە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە، سکاڵاکە دوو دانەنە و یەکخراون، دژی پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان. وەعد مزووری، ڕاوێژکاری یاسای پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: لەو دانیشتنەدا دادگەی فیدراڵی وەڵامی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تاوتوێ دەکات، کە لە دانیشتنی پێشوودا کە لە ٢٧ی مانگی ڕابردوو کرا، دادگەی باڵای فیدراڵی داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کرد ڕوونکردنەوە بدات لە بارەی ئەوەی بە چ شێوازێک ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەتایبەتی لە دابەشکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن، ھەمان ڕۆژ دادگە تاوتوێی چوار سکاڵای دیکە دەکات کە ئەوانیش تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان.