جینین پلاسخارت: عێراق لەژێر هەڕەشەدایە

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە پەیامێکدا ئاماژە بەوە دەکات، عێراق مەترسی ئەوەی لەسەرە زیاتر بخرێتە نێو ململانێکانەوە.

ئەمڕۆ شەممە (20ی کانوونی دووەمی 2024)، جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکدا تێپەڕدەبێت کە ململانێکان لە غەززە چربوونەتەوە و لە شوێنەکانی دیکەش کردەی چەکداری هەڕەشەی ئاگرێکی گەورە دەکەن.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: عێراق لەژێر مەترسی ئەوەدایە زیاتر بکێشرێتە ناو ئەم ململانێیەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، کەچی هێرشە بەردەوامەکان کە لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن، دەبنە هۆی پووچەڵکردنەوەی سەقامگیری ئەم وڵاتە و دەستکەوتەکانی ساڵانی رابردوو کە زۆر بە سەختی بەدەستهێندراون.

جینین پلاسخارت لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، هەموو هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە و دوورکەوتنە لە بڵاوبوونەوەی ئەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا هەیە دەکاتەوە، دەشڵێت: سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان چەندین جار داوای ئاگربەستی مرۆیی بەپەلەی لە غەززە، لەگەڵ گەیاندنی فریاگوزاریی بەردەوام و رێزگرتنی تەواو لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش پاراستنی خەڵکی سڤیل و ئازادکردنی بێ مەرجی سەرجەم بارمتەکان، کردووە.

پلاسخارت دەڵێت: سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق لە هەموو پەیوەندییەکانماندا لە کارە لە پێشینە و گرنگەکانە، بانگەوازی خۆمان بۆ هەموو لایەک دووپات دەکەینەوە کە پێویستە ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن پەیڕەو بکەن.